مورشید خەزنەوی بۆ رووداو: مەزڵووم عەبدی داوای یەکدەنگی دەکات؛ ئەنەکەسە وەڵام ناداتەوە
رووداو دیجیتاڵ
د. مورشید خەزنەوی، کەسایەتیی ئایینی دیاری رۆژئاوای کوردستان، بە رووداوی راگەیاند، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) داوا دەکات لایەنە کوردستانییەکان یەکڕیز بن بۆ ئەوەی بە یەک دەنگ و بە شاندێکی یەکگرتوو بڕۆن بۆ دیمەشق تاوەکو گفتوگۆ لەبارەی داهاتووی سووریا و بەرگری لە مافەکانی کورد بکەن، بەڵام ئەنەکەسە "وەڵامی نەداوەتەوە".
دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە لە قامشلۆ لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەوە، ئەمڕۆ هەینی مورشید خەزنەوی لە مزگەوتی مەعشووق خەزنەویی باوکی لە هەمان شار، لە گوتاری هەینییدا پەیامی جەنەراڵە کوردەکەی بە رای گشتی گەیاند.
لە کاتی بەشداربوونی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی ئەمڕۆی رووداودا کە نالین حەسەن پێشكێشیکرد، خەزنەوی گوتی: "تێڕوانینەکانی جەنابی جەنەراڵ زۆر ئەرێنی و زۆر باش بوون بۆ ئەو رێزگرتن و سازانەی کە دەبێت لە نێو کۆمەڵگەی سیاسیی کوردیدا هەبێت."
بە گوتەی ئەو کەسایەتییە ئاینییە، جەنەراڵە کوردەکە "پشتیوانیی بەهێز" لە گفتوگۆی نێوان پارتە ناتەباکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات، "بەڵام بەداخەوە، تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییەکان وەڵامیان نەداوەتەوە بۆ ئەوەی پێکەوە کۆببنەوە."
دوای ئەوەی 8ی ئەم مانگە کۆتایی بە دەسەڵاتی 53 بنەماڵەی ئەسەد هێنرا، دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لەگەڵ لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان تاوتوێی سیستمی داهاتووی بەڕێوەبردنی وڵاتەکە دەکەن. لایەنە کوردستانییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە نێو ماڵێکی پەرتەوازەوە خۆیان لەبەردەم وەرچەرخانە مێژووییەکەدا دەبیننەوە.
چارەنووسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کە بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا دەگرێتەوە، بە نادیاری ماوەتەوە.
پارتە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون:
بەرەیەکیان ئەوانەن کە پێکهێنەر و هاوپەیمانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەک بە ناوی پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) کۆبوونەتەوە.
بەرەیەکی دیکەیان لە پارتەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکە پێکدێن. ئەو پارتانە هاوپەیمانییەکیان لەژێر ناوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) پێکهێناوە.
شاندێکی ئەمریکی – ئەورووپی چەند رۆژێکە لە رۆژئاوای کوردستانە بۆ ئەوەی وەک نێوەندگیر هانی گفتوگۆی کوردی – کوردی لە نێوان هەردوو بەرەکەدا بدەن.
پەکەکە؛ ناکۆکیی نێوان پەیەنەکە و ئەنەکەسە
ئەمڕۆ لە کاتی بەشداریکردنی لە هەمان بووڵتەندا، فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە لە قامشلۆوە بە رووداوی راگەیاند، یەکێک لە ناکۆکییە سەرەکییەکانیان، هەبوونی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە لە نێو هەسەدە؛ ئەو هێزەی کە سوپای دیفاکتۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە؛ ئەو قەوارەیەی کە دەیەوێت لە سووریای نوێدا پارێزگاری لە خۆبەڕێوەبەرایەتی (ئۆتۆنۆمی) بکات.
فەیسەڵ یوسف ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ لە دوایین کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ شاندە ئەمریکی و ئەورووپییەکە جەختیان لە داواکارییەکەیان کردووەتەوە کە دەبێت ئەو ئەندامانە لە رۆژئاوای کوردستان نەمێنن.
گوتەبێژەکە دەڵێت: "ئێمە وەک کوردی سووریا دەبێت کەسایەتیی خۆمان وەک کوردی سووریا نیشانبدەین و بیسەلمێنین کە دەستی هیچ کەسێک لێرە نییە. بۆیە پەکەکەش دەبێت هاوکار بێت و پشتیوانی لەم بابەتە بکات. ئەگەر ئەندامانی لێرە هەبن، نابێت بمێنن."
لەو بارەیەوە، خەزنەوەی بە رووداوی گوت، لە کۆبوونەوە دوو کاژێرییەکەیاندا، رۆژی پێنجشەممە مەزڵووم عەبدی باسی لەوە کردووە، داوایان لە ئەندامانی پەکەکە کردووە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
وەک خەزنەوی باسیکرد، مەزڵووم عەبدی گوتوویەتی: "دەستخۆشی لە پەکەکە دەکەین کاتێک لە ناخۆشی و نەهامەتیدا بووین بە هانای ئێمەوە هاتوون، بەڵام ئێستا ئێمە لە قۆناخێکی دیکەداین و ئێمەی گەلی رۆژئاڤا خۆمان خزمەتی خۆمان دەکەین و ئەو کەسانەی لە دەرەوە هاتوون، سوپاسی خزمەت و هاوکارییان دەکەین، بەڵام دەتوانن بگەڕێنەوە".
هیچ شاندێکی کوردستانیی هاوبەش پێکنەهێنراوە
پەیامی مەزڵووم عەبدی "ئەوە بوو کە دەبێت ئێمە لەیەک نزیک بین و هێزێکی سیاسی پێکبهێنین بۆ ئەوەی دەنگمان یەک بێت."
خەزنەوی دەشڵێت: "جەنابی جەنەراڵ داوای لە نووسینگەکەی کرد، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان چڕ بکەنەوە."
بەڵام بە گوتەی خەزنەوەی، وێڕای هەوڵەکان هێشتا هیچ شاندێکی یەکگرتووی کوردستانی پێکنەهێنراوە؛ هۆشداریشیدا کە "ئەگەر کۆمەڵگەی سیاسی تێڕوانینی خۆی یەکنەخات، دۆخمان خراپ دەبێت."
پیاوە ئاینییە کاریگەرەکەی رۆژئاوای کوردستان رەتیکردەوە لەگەڵ هیچ شاندێک بچێتە دیمەشق، چونکە پێیوایە دەبێت کەسانی پسپۆڕ بچن و "بەرگری لە مافەکانی کورد بکەن"؛ گوتیشی لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ ئەنەکەسەش کۆدەبێتەوە.
گوتەبێژەکەی ئەنەکەسەش بە رووداوی گوت، شاندە ئەمریکی و ئەورووپییەکە بەوانی راگەیاندووە: "ئەگەر [کورد] یەکگرتوو بێت، دەتوانن باشتر یارمەتیان بدەین لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان."
گوتیشی، شاندەکە داوای "یەکگرتوویی سووریا و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی سووریا"ی کردووە و کۆبوونەوەکانیان لە رۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبن.
خەزنەوی دەڵێت: "رۆڵی ئەنەکەسە لە داهاتوودا گرنگ دەبێت."
هەڕەشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان
مەزڵووم عەبدی بۆ یەکەمین جار رۆژی پێنجشەممە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز دانی بە هەبوونی ئەندامانی پەکەکە لە نێو ریزەکانی هەسەدەدا نا.
کشانەوەی شەڕڤانە کوردەکانی دەرەوەی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، مەرجێکی سەرەکیی تورکیایە بۆ کۆتایهێنان بە هێرشەکانی بۆسەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە.
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لەلایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.
لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە تورکیا پشتیوانییان لێ دەکات، هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە زیادکرد و شەڕڤانان لە چەند شوێنێک کشانەوە.
پەکەکە لە لایەن تورکیا، ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی دیکەوە بە رێکخراوێکی "تیرۆریستی" پۆلێنکراوە.
ئەمریکا کە هەسەدە بە هاوبەشی سەرەکیی خۆی لە شەڕی دژی داعش دادەنێت، هەفتەی رابردوو نێوەندگیری لەنێوان هەردوولادا کرد و ئاگربەستێکی چوار رۆژی راگەیێندرا. رۆژی سێشەممەی رابردوو، ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتنەکە درێژکراوەتەوە، بەڵام رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەوەی رەتکردەوە و گوتی، تا هەسەدە چەک دانەنێت، ئەنقەرە هێرشەکەی ناوەستێنێت.
مەزڵووم عەبدی پێشنیاز دەکات لە کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان ناوچەیەکی لە چەک داماڵدراو لەژێر سەرپەرشتیی ئەمریکادا دروستبکرێت بۆ ئەوەی "نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا بڕەوێنرێنەوە و سەقامگیریی درێژخایەن بۆ ناوچەکە دەستەبەربکرێت."
بەڵام زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی وەزارتی بەرگریی تورکیا رۆژی پێنجشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئێمە گفتوگۆ لەگەڵ رێکخراوە تیرۆرستییەکاندا ناکەین،" گوتیشی: "ئامادەکاری و رێکارەکانمان لە شەڕی دژی تیرۆر بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/یەپەگە چەک دادەنێت و چەکدارە بیانییەکانی نێوی سووریا جێدێڵن."