هەواڵگری و ئاسایشی عێراق: حەوت تیرۆریستی داواکراو لە کەرکووک دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەواڵگری و ئاسایشی عێراق دەستگیرکردنی حەوت داواکراوی لە کەرکووک راگەیاند و دەڵێت، کاریان بۆ رێکخراوی داعش کردووە.
ئەمڕۆ هەینی، 20ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەواڵگری و ئاسایشی عێراق بڵاویکردەوە، "لە چوارچێوەی رێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانمان لە بەرەنگاربوونەوە و دەستگیرکردنی تیرۆریستان، ئەمڕۆ هێزەکانمان توانییان لە ناوچەی عەدالە و یەکی حوزەیرانی پارێزگای کەرکووک 7 تیرۆریستی داواکراو دەستگیربکەن."
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەواڵگری و ئاسایشی عێراق، "ئەو داواکراوانە لە ریزەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کاریان کردووە. یەکێک لەوانە کاری گواستنەوەی چەک و کەرەستەی لۆجیستی بووە."
رۆژی 12ـی ئەم مانگەش فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی عێراق هەشت حەشارگەیی داعشیان لە کەرکووک بۆردوومان کردووە.