کوردستان

کارمەندانی بنکەیەکی دەنگدان لە هەولێر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا پاداشتی کارمەندانی سەر سندووقی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دابەش دەکرێت.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە نووسراو داوایان لە وەزارەتی دارایی عێراق کرد پەلە بکەن لە دابەشکردنی پاداشتی کارمەندانی سەر سندووقی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.
بە گوتەی جومانە غەلای، چەکی پارەکە رەوانەی نووسینگەکانیان کراوە لە پارێزگاکان، "هەفتەی داهاتوو دەینێرین بۆ لقەکانی بانکی تی بی ئای لە هەرێمی کوردستان."
نووسینگەکانی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان پارەکە رادەکێشن و رەوانەی بانکە تایبەکانی نێو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانیان دەکەن، بۆ ئەوەی کارمەندان بەگوێرەی شوێنی جوگرافی خۆیان بتوانن بچن پاداشتەکەیان وەربگرن.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا زیاتر لە 41 هەزار کارمەند بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی دەنگدان وەرگیرابوون، کە لە فەرمانبەر و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان پێکهاتبوون.
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق رۆژی 18-12-2023 و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش رۆژی 20-10-2024 کرا.
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، بۆ هەر کارمەندێکی ئاسایی ناوەند و بنکەکان کە فەرمانبەر بێت، 100 هەزار دینار؛ کارمەندانی سەر ئامێرەکان کە فەرمانبەر بێت 150 هەزار دینار و ئەو کارمەندانەش کە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن چ کارمەندی ئاسایی بن یان کارمەندی سەر ئامێرەکان، 250 هەزار دینار پاداشتیان دەدرێتێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ