بە هۆی کۆنی و شکانی بۆرییەکانەوە 30٪ـی ئاوی کرماشان بە فیڕۆدەچێت

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای کرماشان دەڵێت، بە هۆی کۆنبوونی 55٪ـی بۆرییەکانی ئاوی شاری کرماشانەوە، شکانی بۆرییەکانی تایبەت بە گواستنەوەی ئاو لە شارەکە ئەوەند زۆر بووە کە بە چاککردنەوە چارەسەر ناکرێت، بەڵام بە هۆی نەبوونی بودجەوە کاری نۆژەنکردنەوەی ئەستەمە.
 
عەلی تورابی، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی کرماشان رایگەیاند، 55٪ـی بۆرییەکانی ئاوی شاری کرماشان زۆر کۆنن و پێویستیان بە گۆڕین و نۆژەنکردنەوە هەیە.
 
عەلی تورابی گوتی، بە هۆی کۆنی و هەڵهێنانی ژەنگەوە، شکانی بۆرییەکانی تایبەت بە گواستنەوەی ئاو لە شاری کرماشان ئەوەند زۆر بووە کە کێشەکە بە چاککردنەوە چارەسەر ناکرێت، بۆیەش بەشێکی زۆری ئاوی پاکی شارەکە بە فیڕۆ دەچێت.
 
عەلی تورابی گوتیشی، گۆڕین و نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکانی ئاوی شارەکە بودجەیەکی زۆری پێویستە، بە جۆرێک بۆ نۆژەنکردنەوەی هەر کیلۆمەترێکی بۆری ئاو، یەک ملیار تمەن (نزیکەی 20 هەزار دۆلار) پێویستە.
 
ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەرۆی کرماشان رایگەیاند، "بە پێی خەمڵاندنەکانمان، بۆ گۆڕین و نۆژەنکردنەوەی 800 کیلۆمەتر لە هێڵی بۆری ئاوی شاری کرماشان، پێویستمان بە 800 ملیار تمەن (نزیکەی 16 ملیۆن دۆلار) هەیە، بەڵام ئەو بڕە پارەیە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەرۆی پارێزگاکە، بڕێکی ئێجگار زۆرە."
 
بە گوتەی عەلی تورابی، لە زۆربەی شارەکانی دیکەی پارێزگای کرماشانیش، بۆرییەکانی ئاو لە دۆخێکی خراپدان و پێویستیان بە گۆڕین و نۆژەنکردنەوە هەیە.
 
تورابی، رەخنەی لە کەم تەرخانکردنی بودجە بۆ ئەو مەبەستە گرت و رایگەیاند، "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تەنیا 82 کیلۆمەتر لە بۆرییەکانی ئاو لە سەر ئاستی پارێزگاکە نۆژەنکراونەتەوە"؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە بە هۆی کێشەی کۆنی بۆرییەکان و شکانیان و هەروەها بەهۆی ئەوەی هەندێک لە هاوبەشەکان پارەی ئاو نادەن، 30٪ لە ئاوی شاری کرماشان بە فیڕۆدەچێت.