گولـلە تۆپێک لە نێوەڕاستی گوندێکی ئامێدی کەوتەخوارەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گولـلەتۆپێک لە نێوەڕاستی گوندی گوهەرزێ لە سنووری ناحیەی دێرەلووک لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کەوتە خوارەوە. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
 
عیسا گوهەرزی، دانیشتووی گوند بە رووداوی گوت، گولـلە تۆپەکە لە نێوەڕاستی گوندی گوهەرزێ کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی بە چەند خانوویەک گەیاندووە.
 
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، نازانن گولـلە تۆپەکە لە کوێوە ئاراستە کراوە، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێ لای خەڵکی گوندەکە دروستبووە.
 
لە سێ مانگدا، ئەمە پێنجەم جارە گولـلە تۆپ لەنێو ئەو گوندەی سنووری ئامێدی دەکەوێتە خوارەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە گوندەکە ئاوەدانە و هاونیشتمانییان تێیدا دەژین.