بەرپرسێکی پارتی لە کەرکووک: لە دەنگدانی گشتیدا زیاتر لە 49 هەزار دەنگمان هێناوە

21-12-2023
ساڵح قادر @salihqadr
نیشانەکردن پارتی دیموکراتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە کەرکووک رایگەیاند، لە دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا زیاتر لە 49 هەزار دەنگیان بەدەستهێناوە و چاوەڕێی جیاکردنەوەی دەنگەکانی دەنگدانی تایبەتن.
 
رۆژی چوارشەممە 20-12-2023 بەرپرسێکی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا، بەپێی ئەو شریتانەی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە پێیاندراوە، 49 هەزار و 115 دەنگیان بەدەستهێناوە.
 
رۆژی 19ى کانوونى یەکەمى 2023 کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى بڵاوکردەوە. بەپێی ئەو ئەنجامە پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک 46 هەزار و 749 دەنگی بەدەستهێناوە و دوو لە بەربژێرەکانی دەرچوون، بەڵام بەرپرسەکەی پارتی گوتی، ئەوەی کۆمیسیۆن رایگەیاندووە ئەنجامی کۆتایی نییە و 94.4٪ی ئەنجامەکانە.
 
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەدا، کە هێشتا ئەنجامی دەنگدانی تایبەت جیانەکراوەتەوە و پێشبینی کرد، بە ئەنجامی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە کەرکووک، دەنگەکانی پارتی بگەنە نزیکەی 55 هەزار دەنگ.
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021دا پارتی لە کەرکووک 49 هەزار و 536 دەنگی بەدەستهێنا، بەو پێیەش لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا پارتی زیاتر لە پێنج هەزار دەنگی زیاد کردووە.
 
بڕیارە پێنجشەممە 21ى کانوونى یەکەمى 2023، زیاتر لە هەزار سندووقى دەنگدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە ناوەندى سەرەکى کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان بەدەستى بژمێردرێنەوە، کە 112 سندووقیان لە پارێزگای کەرکووکن.
 
رۆژی 20ى کانوونى یەکەمى 2023 عەبدولباست دەروێش، بەرپرسی راگەیاندنى ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لەو 112 سندووقە، 110 سندووقی دەنگدانى تایبەتە و دوو سندووقەکەى دیکەش بۆ دەنگدانى گشتییە".
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى کە تۆڕى میدیایی رووداو لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانەوە دەستى کەوتووە، تێکڕاى ژمارەى ئەو دەنگدانەى کە لەو 112 سندووقەى کەرکووکدان، دەگاتە نزیکەى 20 هەزار دەنگ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.