ئەو بەربژێرەی کەرکووکی بە "پایتەختی عەرەب" ناوهێنا لە هەڵبژاردن دەرنەچوو

20-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
قەحتان وەتبان جومەیلی، بەربژێری لیستی هاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکووک بە سەرۆکایەتی راکان جبووری، کەرکووکی بە پایتەختی عەرەب ناوبرد و داوای 200 هەزار دەنگی لە عەرەبەکانی پارێزگاکە دەکرد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بەڵام کەمتر لە هەزار و 500 کەس دەنگیان پێدا.
 
قەحتان وەتبان جومەیلی، بەربژێری ژمارە 29 لە لیستی هاوپەیمانیی عەرەبی لە کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەبوو، رۆژی 8ـی ئەم مانگە لە ئاهەنگی بانگەشەی هاوپەیمانێتییەکەیدا کەرکووکی بە "پایتەختی عەرەب" ناوبرد و گوتی, "عەگالی عەرەبی تاجێکە لەسەر سەر دەمێنێتەوە، ئەوەی بەدڵی نییە با سەری لە دیوار بدات".
 
هەر لەو ئاهەنگەدا، ئەو بەربژێرە چەند جارێک باسی راکان جبووریی کرد و گوتی ئەو بڕوات کێشەیان بۆ دروست دەبێت، داوای لە عەرەبەکانی کەرکووک کرد 200 هەزار دەنگ بدەن بەو دوو لیستە عەرەبییەی لەو پارێزگایەدا هەبوون، کە بە قسەی ئەو 320 هەزار دەنگدەری عەرەبی لێیە، گوتیشی، "200 هەزارمان دەنگ بدەنێ و کەرکووکتان بۆ گەرەنتی دەکەم، دوو لیستی عەرەبمان هەیە، هەر لیستێک 100 هەزار دەنگمان بدەنێ، ئەو 100 هەزارەی دیکە با بەکرێگیراو و خیانەتکار و بکوژ بن".
 
بەپێی ئەنجامەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لیستی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتی راکان جبووری پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، 98 هەزار و 174 دەنگ و هاوپەیمانیی عرووبە 46 هەزار و 749 دەنگیان بەدەستهێنا.
 
کوردیش بە سەرجەم لایەنەکانییانەوە، زیاتر لە 217 هەزار دەنگیان بەدەستهێنا.
 
رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، لە کۆى 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس کە مافى دەنگدانیان هەبووە، شەش ملیۆن و 599 هەزار و 668 کەس دەنگیان داوە، یەکێتی و پارتی پێکەوە تاوەکو ئێستا حەوت کورسییان لە کۆی 16 کورسیی پارێزگاکە گەرەنتی کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."