لە کەرکووک ژمارەیەک عەرەب 'ئاهەنگی سەرکەوتن لە هەڵبژاردن' دەگێڕن و ستایشی سەدام حوسێن دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک عەرەب لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک "ئاهەنگی سەرکەوتن" لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا دەگێڕن، پەیامنێری رووداو دەڵێت، درووشمی ''بروح و بدم، نفدیک یا صدام'' دەڵێنەوە.
 
هێشتا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پاریزگاکانی عێراق لەلایەن کۆمیسیۆنەوە رانەگەیێندراوە، بەڵام بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان، تاڕادیەک سەنگ و قورسایی لایەنە سیاسییەکان دەرکەوتووە. 
 
بەگوێرەی ئەو ئەنجامانە، کورد لە کەرکووک حەوت کورسی، لایەنە عەرەبییەکان پێنج کورسی، تورکمان دوو کورسی و بزووتنەوەی بابلیوونیش یەک کورسی بەدەستهێناوە، بەگوتەی هیوا حوسامەدین، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کەرکووک، ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 20-12-2023) ژمارەیەک لایەنگری لیست و هاوپەیمانیێتییە عەرەبییەکان لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگا، دەستیانکردووە بە ئاهەنگگێڕان و چاویان لەوەیە دووبارە پارێزگارێکی عەرەب دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت.
 
لە هەر شوێن و ناوچەیەک دەربڕینی خۆشی بەبۆنەی سەرکەوتنی لایەنەکان لە هەڵبژاردن کارێکی ئاسایی و یاساییە، بەڵام وەک پەیامنێری رووداو گوتی ''ئەم ئاهەنگێڕانە جیاوازە و ژمارەیەک لایەنگری لیست و هاوپەیمانێتییە عەرەبەکان ڤیدیۆیەکیان تۆمارکردووە، کە تێیدا بە پاڵپشتیی هێزە عێراقییەکان وێنەی سەدام حوسێن، سەرۆکی رژێمی رووخێنراوی پێشوویان لەسەر شاشەی مۆبایلەکانیان بەرزکردووەتەوە و دروشمی 'بروح و بدم، نفدیک یا صدام' بە دەنگی بەرز دەڵێنەوە.''

 

 
وەک لە ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەوێت، لایەنگرانی لیستە عەرەبییەکان بە ئاشکرا درووشمەکە دەڵێنەوە و ترسیان لە ئاشکرابوونی ناسنامەیان نییە، ئەوە لەکاتێکدایە بەپێی دەستووری عێراق؛ ستایشی رژێمی رووخێنراوی پێشوو و بانگەشە بۆ حیزبی بەعس، قەدەخەیە.
 
رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، لە کۆى 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس کە مافى دەنگدانیان هەبووە، شەش ملیۆن و 599 هەزار و 668 کەس دەنگیان داوە. بەو پێیە نۆ ملیۆن و 559 هەزار و 120  دەنگدەر لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکاندا دەنگیان نەداوە، کە بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو، یەک ملیۆن و 13 هەزار دەنگدەر کەمیکردووە.