لە سۆران بۆ دروستکردنی شەقامێک 41 خانوو دەڕووخێندرێن

رووداو دیجیتاڵ

لە گەڕەکی بەختیاریی سۆران، 41 خانووی هاونیشتمانییان بەر شەقامێکی 40 مەتری دەکەوێت، کە تازە دەست بە دروستکردنی کراوە.
 
لەم وەرزە سارد و بارانەدا، هاونیشتمانییەکان دەڵێن خانوویان دەستناکەوێت و، ئەو زەوییەی وەک قەرەبووش بۆیان دیاریکراوە، تاوەکو ئێستا پێیان نەدراوە. 
 
هەمزە عەبدوڵڵا، هاونیشتیمانیی گەڕەکەکەیە، دەڵێ "هاوین رۆیشت، بەهار رۆیشت، پاییز رۆیشت، بە خۆشی دەستیان پێنەکرد و ئێستا دەستیان بە پڕۆژەکە کردووە و خەڵکەکە ناڕەحەت بوون. خاوەن ماڵ هەیە ئێستا پارەی کرێی خانووی پێنادرێت، مەگەر حکومەت بۆی بدات.''
 
قەمەر ناسر، یەکێکە لەو خاوەن خانووانەی ماڵەکەی بەر پڕۆژەکە کەوتووە، دەڵێ "تەنیا ژمارەیەکیان پێداوین، دەڵێن 'ئەمە ژمارەی زەوییەکەتانە و تەواو.' ئەگەر زەویمان لەوبەریش پێبدەن و قەرەبوومان بکەنەوە، سوپاسیان دەکەین.''
 
خاوەن خانوویەکی دیکە بەناوی نەوازد نەبی قسە بۆ رووداو دەکات و باسی ئەوە دەکات؛ ئەو و سێ ماڵی دیکە "نە قەرەبوومان پێدراوە و نە شوێنی دیکەشمان بۆ دیاریکراوە، بەهیچ شێوەیەکیش نە چۆڵمان کردووە، نە چۆڵیشی دەکەین تاوەکو شوێنی دیکەمان بۆ دیاری نەکرێت. هەرکات شوێنی دیکەیان بۆ دیاریکردین، چۆڵی دەکەین.''
 
بەشێک لەو خانووانەی بەر شەقامەکە دەکەون، رووخێنراون و خاوەن ماڵەکان لە شوێنی دیکە خانوویان بەکرێ گرتووە.
 
بەگوێرەی یاسا، هەر خانوویێکی تاپۆ کە بەر پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری بکەوێت، قەرەبووی خاوەن موڵکەکەی دەکرێتەوە بە پێدانی زەوی. ئیدارەی سۆران جگە لە دیاریکردنی زەوی، بە پێدانی بڕێک پارەش هاوکارییان دەکات. 
 
رەجەب زبێر، قایمقامی سۆران دەڵێ "بۆ هەموو ئەو خێزانانەی لەو گەڕەکەن؛ ئێمە بەپێی یاسا قەرەبوومان بۆ دیاریکردوون کە زەوییەکە، هەر لە نزیکی خۆیان نزیک لە شەقامە 40 مەترییەکە و، لەهەمان کاتدا ئاسانکاریی تەواو بۆ ئەو خێزانانە دەکرێت لە دروستکردنی خانووی نوێدا.''
 
نیشتەجێیانی ئەو گەڕەکە زۆربەیان خەڵکی کەرکووکن و ساڵی 1996 ئاوارەی سۆران بوون، خانووەکانیان وەکو کەمپێک بۆ دروستکراوە، ئێستاش داواکارن هەنگاوەکانی قەرەبووکردنەوەیان خێراتر بکرێت و جارێکی دیکە بێ خانوویی ئاوارەیان نەکاتەوە.