لە بۆرسا هێرشکرایە سەر یاریزانانی دیاربەکر سپۆر

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی دۆڕاندنیان لە بەرامبەر یانەی وەرزشیی دیاربەکر سپۆر، یاریزانانی یانەی بۆرساسپۆر هێرشیانکردە سەر یاریزانان و دەستەی کارگێڕیی یانەی دیاربەکر سپۆر. بەشێک لە یاریزانان و لایەنگرانی بۆرساسپۆر، بێڕێزییان بە کورد کرد و درووشمی نەژادپەرستییان  گوتەوە. 
 
لە چوارچێوەی یارییەکانی خولی دووەمی جامی تورکیا، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی 2023) هەردوو یانەی بۆرساسپۆر و دیاربەکرسپۆر لە یاریگەی ئەتاتورک لە پارێزگای بۆرسا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە. 
 
یارییەکە بە ئەنجامی 2-0 لە بەرژەوەندیی یانەی دیاربەکرسپۆر کۆتاییهات. لە دوایین خولەکەکانی پێش کۆتایی یارییەکە، بەشێک لە یاریزانانی بۆرساسپۆر کێشەیان نایەوە. هەرچەندە دووجار یارییەکە راگیرا، بەڵام لە کاتی زیادکراودا، لایەنگرانی بۆرساسپۆر دەستیان بە هەڵدانی بوتڵی شووشە و گوتنەوەی درووشمی نەژادپەرستی لە دژی یاریزانان و یانەکە کرد.
 
هەرچەندە یاریزانانی بۆرساسپۆر هەوڵی گۆڕینی ئەنجامی یارییەکەیان دا، بەڵام بۆیان نەکرا و بە فیکەی کۆتایی ناوبژیوان، یارییەکە لە بەرژەوەندی دیاربەکرسپۆر کۆتاییهات. 
 
گرژییەکان بەردەوام بوون و بەشێک لە یاریزانان، بەشەق و پێلاقە و بۆکس، هێرشیان کردە سەر یاریزانانی دیاربەکرسپۆر و بێڕێزییان لە بەرامبەر کردن. 
 
دوای یارییەکە، رەجەب گونای، سەرۆکی یانەی بۆرساسپۆر ئۆباڵی گرژییەکانی نێو یاریگەکەی بۆ ناوبژیوان و بەشێک لە یاریزانانی یانەکەی گەڕاندەوە و رایگەیاند، ئەم چەند یاریزانەی کێشەیان دروستکرد، یارییان بە چارەنووسی تەواوی پارێزگای بۆرسا کرد، گوتیشی "ناکرێت لە دۆڕاندندا لایەنی بەرامبەر خەتابار بکەیت، دەبێ خۆمان خەتابار بکەین و خاڵی لاوازی خۆمان دەستنیشان بکەین". 
 
راشیگەیاند، کەسانێک ئەم کێشەیەیان وروژاند و بە جدی لێکۆڵینەوە لەم رووداوە دەکەن، بەر لەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێ لێکۆڵینەوە بکات. 
 
گونای، رەخنەی تووندیشی لە ناوبژیوانان گرت و رایگەیاند، هۆکاری کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێو یاریگەکان هەر بەهۆی ناوبژیوانەکانەوە روودەدەن، "پێویستە کۆمەڵگەی وەرزشیی تورکیا بەتایبەتی تۆپی پێ، لەژێر دەست ئەم جۆرە ناوبژیوانانە رزگار بکرێت."