یەکێتی لە کەرکووک: لە رابردوودا مامەڵەمان لەگەڵ راکان جبووری نەکردووە و لە داهاتووشدا نایکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک و سەلاحەدین دەڵێت، سبەی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت دەخرێتە سەر دەنگە گشتییەکان و ئەوەش دەبێتە هۆی گۆڕانی نەخشەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا و دەشڵێت، "لە کۆی 251 وێستگەی دەنگدانی کەرکووک لە حەویجە و ناوچەکانی خوارووی کەرکووک، زیاتر لە 150 وێستگە رێگەیان نەداوە چاودێرانمان لەسەر سندووقەکانی دەنگدان ئامادەبن".
 
رۆژی چوارشەممە 20ـی کانوونی یەکەمی 2023 شێرزاد سەمەد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی کەرکووک و سەلاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان میوانی بوولتەنی کاژێر 11ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و رایگەیاند، "ئەو ئەنجامەی دوێنێ کۆمسیۆن رایگەیاند، ئەنجامی بەرایی دەنگدانی گشتی بوو و بەهۆی ئەو کێشەیەی لە ئامێرەکاندا روویاندا، سبەی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت دەخرێتە سەر دەنگی گشتی و ئەوەش دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە ئەنجامەکان. پێشبینی ئێمە ئەوەیە دەنگی لیستەکەمان زیاد بکات و کاریگەری لەسەر ژمارەی کورسییەکانی کورد لە کەرکووک دابنێت".
 
شێرزاد سەمەد دەڵێت، یەکێتی لە کەرکووک "دەنگی باشی بەدەستهێناوە، بەڵام دەنگێکی زۆری کورد لەو هەڵبژاردنەدا فەوتا کە ئەوەش پەیوەستە بەو لیستە کوردستانیانەی دیکە کە لە هەڵبژاردنی کەرکووک بەشدارییان کرد و وایکرد کورسی پێکهاتەکانی دیکە بەرزبێتەوە".
 
ئەو بەرپرسەی یەکێتی دووپاتیدەکاتەوە، "بە یاسای سانتلیگۆ نزیکەی 30 بۆ 35 هەزار دەنگی کورد فەوتاوە کە دەنگەکانی نەوەی نوێ و مەشخەڵ بوون، ئێمە پێشتر پێمان راگەیاندبوون کە با هەموومان لە لیستێک یان دوو لیستدا کۆببینەوە لەبەرئەوەی یاسای سانتلیگۆ دەنگەکانیان دەفەوتێنێت و دەچێتە بەرژەوەندی ئەو لیستانەوە کە دەنگی زیاتر دەهێنن".
 
نزیکەی 100 هەزار دەنگدەری کەرکووک "دەنگیان فەوتاوە"
 
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی کەرکووک و سەلاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژە بە تۆمارکردنی سکاڵا لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی کەرکووک دەدات و دەڵێت، 100 هەزار دەنگدەر لە کەرکووک مافی دەنگدانیان فەوتاوە کە بەشێکی زۆریان کورد بوون و ئەوەش کاریگەری لەسەر رێژەی دەنگەکانی کورد دانا.
 
شێرزاد سەمەد دەڵیت، "نزیکەی 100 هەزار کەس لە کەرکووک بەهۆی کێشەی پەنجەمۆرەوە دەنگیان فەوتا کە بەشێکی زۆریان کورد بوون. ئێمە سکاڵایەکی زۆرمان هەر ئەو رۆژە تۆمار کرد، ئامێرەکان بە بێ هۆکار پەنجەمۆری بەشێکی زۆر لە دەنگدەرانی کوردیان نەدەخوێندەوە و هەندێکیشیان کارتەکانیان نەدەخوێندراوە، کێشەکەش لە ئامێرەکاندا بوو نەک لە کارتی دەنگدەران یان دەنگدەرەکان".
 
لە خوارووی کەرکووک "چاودێرانی کورد دەستگیرکراون"
 
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی کەرکووک و سەلاحەدینی یەکێتی رایگەیاند، "لە خوارووی کەرکووک رێگەیان نەدا قەوارە سیاسییەکانی ئێمە بچنە وێستگەکانی دەنگدان و چاودێری بکەن، ئێمە کۆمەڵێک چاودێرمان بۆ 251 وێستگە لە حەویجە ناردبوو کە لە زیاتر لە 150 وێستگە رێگرییان لێکردبوون بۆ ئەوەی بتوانن بە دڵخوازی خۆیان گزی و فزی بکەن، دەنگی ئەو ناوچانە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر دەنگەکانی نێوشاری کەرکووک دانا".
 
بە گوتەی شێرزاد سەمەد، "لە حەویجە، ریاز، زاب و عەباسی عەرەب بە کەیفی خۆیان پرۆسەی هەڵبژاردنیان بەڕێوەبرد، لەو شوێنانە رێژەی بەشداری گەیشتووەتە 80% کە ئەمە رێژەیەکی زۆر زۆرە و لە هیچ هەڵبژاردنێک ئەو رێژەیە تۆمار نەکراوە و ئەگەر بەسەر کاتەکاندا دابەشی بکەین، دەبێ لە هەر خولەکێکدا دوو دەنگ درابێت، لەو بنکانەش کە رێگەیانداوە، ئازارێکی زۆری چاودێرابنی ئێمەیان داون و دەستگیریان کردوون کە دواتر بە گوشارێکی زۆر توانیومانە بەریان بدەین".
 
مامەڵە لەگەڵ "راکان جبووری ناکەین"
 
راکان جبووری لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کەرکووک بە میدیاکانی گوتبوو دەستکاری ئەنجامی دەنگدانەکە کراوە و لە وەڵامدا بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی کەرکووک و سەلاحەدینی یەکێتی دەڵیت، "راکان جبووری لەم هەڵبژاردنەدا شکستێکی گەورەی بەرکەوتووە، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو نادادپەروەرییەی لەکاتی دەسەڵاتدارێتیدا پەیڕەوی کردبوو، ئێستا نایەوێت دان بە شکستەکەیدا بنێت و پەنا بۆ ئەم قسانە دەبات".
 
لیستەکەی راکان جبووری، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک سێ کورسی بەدەستهێناوە.
 
بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لە پێناو دانانی پارێزگاری کەرکووک، شێرزاد سەمەد ئاماژەیدا، "ئێمە لە رابردوودا مامەڵەمان لەگەڵ راکان جبووری نەکردووە و لە داهاتووشدا مامەڵەی لەگەڵ ناکەین".
 
بۆ دانانی پارێزگار بەر لە هەمووان "لە دەرگای لایەنە کوردستانییەکان دەدەین"
 
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی کەرکووک و سەلاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی و دانانی پارێزگار بۆ کەرکووک دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی لە دەرگای لایەنە سیاسییەکان دەدەن و بەر لە هەمووان سەردانی لایەنە کوردستانییەکان دەکەن.
 
شێرزاد سەمەد گوتی، لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ئێمە وەکو لیستی براوەی پارێزگای کەرکووک دەرگامان بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان واڵا دەبێت بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی و لەپێش هەموویان لە دەرگای لایەنە کوردستانییەکان دەدەین".
 
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی کەرکووک و سەلاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەشڵێت، "بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەش، هەر کامەیان باوەڕیان بە کوردستانیبوونی کەرکووک و مادەی 140 هەبێت دەتوانین کاری لەگەڵ بکەین، بەڵام لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە بیری شۆڤێنییان هەیە ناتوانین بگەین بە لەیەکتێگەیشتن".