لە یەک مانگدا بەهۆی ژەهراویبوون بە گاز 10 کەس لە کرماشان گیانیان لەدەستداوە

20-12-2023
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە یەک مانگی رابردوودا 10 کەس بەهۆی ژەهراویبوون بە گاز، گیانیان لەدەستداوە کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، ژمارەکە بەرز بووەتەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-12-2023، مەسعود قەلعە سفیدی، بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای زانکۆی پزیشکیی کرماشان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە رووداوێکدا لە گەڕەکی دەوڵەتاوای کرماشان، دوو هاونیشتمانی بەهۆی ژەهراویبوون بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن گیانیان لەدەستداوە.
 
مەسعود قەلعە سفیدی گوتی، "رووداوەکە ئەمڕۆ کاژێر 8:30بەیانی بە کاتی کرماشان روویداوە و قوربانییەکان ژنێکی تەمەن 30 ساڵان و پیاوێکی 35 ساڵان بوون و بە پێی لێکۆڵینەوەی تیمەکانمان، بەهۆی وریا نەبوونیان، بە گازی سۆپا گیانیان لەدەستداوە."
 
بە گوتەی قەلعە سفیدی، لە نیوەی دووەمی ئەم ساڵدا، 17 کەس لە سنووری پارێزگای کرماشان بەهۆی ژەهراویبوون بە گاز گیانیان لەدەستداوە، کە تەنیا لەم مانگەدا ژمارەی ئەو کەسانە 10 کەس دەبێت.
 
بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای زانکۆی پزیشکیی کرماشان رایگەیاند، لە 29-11-2023، سێ ئەندامی خێزانێک کە لە دوو ژن و پیاوێک پێکدەهاتن، لە گوندی چەم بەتتانی خواروو سەر بە شاری هەرسین بەهۆی هەڵمژینی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و ژەهراویبوون گیانیان لەدەستداوە.
 
قەلعە سفیدی دەڵێت، لە 9-12-2023  دوو کەس لە شاری کەنگاوەر، لە 13-12-2023، دوو پیاو لە گوندی کەلکەل-ی شاری سونقور و لە 16-12-2023، پیاوێکی تەمەن 65 ساڵان لە گەرەکی ئیلاهییەی کرماشان بە ژەهراویبوون بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن گیانیان لەدەستداوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە