لە سنووری شێخان گەنجێک برا گەورەکەی دەکوژێت


رووداو - دهۆک 

ئەمشەو لە گوندێکی قەزای شێخان لە سنووری پارێزگای دهۆک، کوڕێک برا گەورەکەی کوشت. 
 
سەردار یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان ئەمڕۆ سێشەممە 20-12-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمشەو کاژێر 9:00 لە گوندی زیناڤەی کۆن سەر بە قەزای شێخان لە سنووری پارێزگای دهۆک، کوڕێکی تەمەن 21 ساڵ برا گەورەکەی خۆی کە تەمەنی 30 ساڵ بووە بە چەک کوشتووە. 
 
قایمقامی قەزای شێخان گوتی، رووداوەکە لە ئەنجامی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە، هاونیشتمانییە تەمەن 30 ساڵییەکەش پێشمەرگە بووە و ئەرکەکەی لە سنووری کانی ماسی لە قەزای ئامێدی بووە. 
 
سەردار یەحیا ئاماژەی بەوە کرد، دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار دەرکرد، لەسەر ئەو بنچینەیەش دەستگیرکراوە و دانی بە تاوانەکەدا ناوە.