خەڵکی مهاباد خۆیان پاشماوەی لافاو خاوێندەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای پاییزی ئەمساڵەوە دووەمجارە بەهۆی بارانبارینەوە لە مهاباد لافاو دروستدەبێت، دانیشتووانی شارەکەش خۆیان قوڕ و لیتەی شەقام و کۆڵانەکان خاوێندەکەنەوە.
رۆژی شەممەی رابردوو 18-12-2021 لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لافاو دروستبوو، ئاو چووە نێو چەندین ماڵ و زیانی ماددی زۆری پێگەیاندن، هاونیشتمانییان خراپیی ئاوەڕۆ و نەبوونی پلانێکی پێشوەختە بە هۆکاری دروستبوونی لافاوەکە دەزانن، شارەوانی و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی شارەکەش یارمەتیی هاونیشتمانییان نادەن بۆ خاوێنکردنەوەی شەقام و کۆڵانەکان.
خەڵکی مهاباد دەڵێن، ئاوی دۆڵەکانی دەوروبەری ئەو شارە دێتەوە بۆ نێو شارەکەیان، بەو هۆیەوە لافاو و قوڕ و لیتە دروستدەبێت، ئەمساڵ دووەمجارە مهاباد تووشی ئەو کێشەیە دەبێت.
دانیشتووانی مهاباد گلەییان لە شارەوانیی ئەو شارە هەیە بەوەی نەیتوانیوە رێگە لە لافاو بگرێت و ئاوەڕۆکانی خاوێن نەکردوونەتەوە، دەشڵێن، دەبێت لە وەرزەکانی دیکەی ساڵدا، هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بدرێت.
بارانبارین و لافاوی مهاباد، تاوەکو ئێستا زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، هیچ ئامارێکیش لەبارەی زیانە مادییەکان بڵاو نەکراونەتەوە.