لە رۆژهەڵاتی کوردستان نانەواخانەکان نانی پێویست نادەنە هاونیشتمانییان

20-12-2020
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
خاوەن نانەواخانەکان: حکومەت ئاردی پێویستمان ناداتێ
خاوەن نانەواخانەکان: حکومەت ئاردی پێویستمان ناداتێ
نیشانەکردن ئارد نان نانەواخانە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نانەواخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نانی پێویست بە هاونیشتمانییان نافرۆشن و بۆ هەر تاکێکی خێزان، رۆژانە سێ نانیان دەدەنێ. زۆربەی خێزانەکان ئەوەندە نانەیان بەش ناکات و ناچار دەبن بەشێوەی ئازاد و بە نرخی گرانتر نان بکڕن. 
 
خاوەن نانەواخانەکان دەڵێن، حکومەت ئاردی کەمیان دەداتێ و رۆژانە 5 بۆ 8 فەردە ئارد بەشی دابینکردنی تەواوی نانی خەڵک ناکات. 
 
لەلایەکی دیکەوە، نرخی ئازادی ئارد لە بازاڕەکاندا بەرزبووەتەوە و هەر فەردەیەکی بە دەورووبەری 180 هەزار تمەن دەفرۆشرێت.  
 
لە بارودۆخی خراپی ئابووریی ئێستای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەرزبوونەوەی نافەرمیی نرخی نان و دابەزینی ئاستی کوالیتیی ئەو بەرهەمە خۆراکییە بە جۆرێک لە جۆرەکان کێشەکانی خەڵکی زیاتر کردووە. ئەوەش بووەتە هۆکارێک بۆ کەمکردنی نان لەسەر سفرەی خەڵک.
 
هاونیشتمانییەک دەڵێت: "10 رۆژیشە دێین بۆ نان، کاخەزێکی پێوەیە لێی نووسراوە: 'بەهۆی نەبوونی ئاردەوە داخراوە.' ئاخر دەکرێ ئێمە ئاوا عەوداڵی نان بین؟ کاتێکیش نان هەیە لە خواردن نایەت ئەوەندە خراپە."
 
نانەواکانی بەشێکی زۆر لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هۆکاری کەمبوونەوەی نان لە نانەواخانەکانییاندا بۆ کەمکردنەوەی بەشە ئاردی رۆژانەی حکومی بۆ نانەواخانەکان دەگەڕێننەوە. 
 
بەشە ئاردی حکومی بۆ هەر نانەواخانەیەک بەپێی ژمارەی دانیشتووانی گەڕەکێک 5 بۆ 8 فەردەیە و حکومەت هەر فەردە ئاردێک بە نرخی 45 هەزار تمەن دەداتە نانەواخانەکان.
 
 بەڵام کەمهێنانی ئارد هۆکارێکە بۆ ئەوەی نانەوا بۆ دابینکردنی نانی پێویستی رۆژانەی خەڵک رووبکاتە بازاڕی ئازاد.
 
نانەوایەک دەڵێت: "5 فەردە ئاردمان دەدەنێ و 09:00ی بەیانی تەواو دەبێت. بۆ ئەوەی بتوانین پێویستی خەڵک دابین بکەین، ناچارین ئارد لە بازاڕی ئازاد بکڕین."
 
پێشتر نرخی هەر فەردە ئاردێک لە بازاڕی ئازاددا تەنیا 15 بۆ 20 هەزار تمەن جیاوازیی لەگەڵ نرخی حکومی هەبوو، بەڵام ئێستا لە بازاڕدا نرخی هەر فەردە ئاردێک 180 هەزار تمەنە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک لە نانەواکان بەشە ئاردی حکومیی لە بازاڕدا فەردەیبە 45 هەزار تمەن بفرۆشنەوە کە چەند هێندەی نرخی خۆیەتی. 
 
حوسێن خودایی، ئەندامی سەندیکای نانەواخانەکانی ئێران رایگەیاند: "ئێمە بەو کارە پاڵمان بە نانەواکانەوە ناوە کە بچن بەرەو سەرپێچی. بەوەی رەوای نابینین مافی نانەوا بپارێزین و بازاڕی بۆ کۆنترۆڵ بکەین. بۆیە نانەواش بیر لە قاچاخفرۆشیی ئارد دەکاتەوە، چونکە بۆی دەری ناهێنێت."
 
ئەم پشێوییە وایکردووە دەنگی نانەواکان دەربێت. لە پارێزگای ئیلام 234 نانەواخانە هەن کە بەشێکی زۆریان خاوەنی ئەو نانەواخانانە دەنگیان دەرهاتووە و دەڵێن دابەشینی ئاردی حکومی لەو پارێزگایە دادوەرانە نییە و وایکردووە بەشێک لەو نانەواخانانەی بەشە ئاردی حکومییان زیاترە لە داواکاریی خەڵک، ئاردەکانییان هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی ئێران بکەن بۆ فرۆش بە نرخی زیاتر. 
 
بەڵام بەرپرسانی پیشەسازیی حکومەت رەدی دەکەنەوە و، دەڵێن چاودێریی جددییان لەسەر هەموو نانەواخانەکان هەیە و هیچ سەرپێچییەک لەنێویاندا تۆمار نەکراوە.
 
کێشەی دابینکردنی ئارد بۆ نانەواخانەکان وەکوو زۆربەی کێشە ئابوورییەکانی دیکە تەنیا باسی لێدەکرێت و هەنگاوێکی جیددیی بۆ چارەسەرکردنی هەڵناگیرێت کە رێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی ئەو بەرهەمە خۆراکییە پێویستەی سەر سفرەی خەڵک بکرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە