دوو تەقینەوە لە بەردەم بارەگای دەفتەری سیاسی حدک لە کۆیە روویاندا

رووداو- کۆیە 

دوو تەقینەوە لە بەردەم دەفتەری سیاسی حزبی دیموکراتی کوردستان "حدک" لە کۆیە روویاندا و پێنج پێشمەرگەی حدك و كارمەندێكی ئاسایش شەهیدبوون.

فوئاد حەقیقی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو لە کۆیە رایگەیاند: "تەقینەوەکە لە دووکانێک لە بەرامبەر بارەگای مەکتەبی سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان روویدا، هێشتا هۆکاری تەقینەوەکە نازاندرێت، بەڵام ژمارەیەک شەهید و بریندار هەن، هەندێک لە کوژراوەکان بە تەواوەتی سوتاوون".

نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو لە کۆیە، ئاماژە بەوە دەدات: "رێوڕەسمێک بەبۆنەی شەوی یەلدا لەنێو بارەگای مەکتەبی سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەڕێوە دەچوو، رێوڕەسمەکە تەواو بوو، دواتر تەقینەوەیەک لەنێو دوکانێک روویدا، ئەو خەڵکەی لەنێو بارەگاکەبوون بۆ بەهاناوەچوونی خەڵکی نێو دوکانە چوونە نزیک دوکانە و دواتر تەقینەوەیەکی دیکە روویدا، بەهۆی تەقینەوەی دووەم ژمارەیەکی زیاتری خەڵک لەوێ شەهید و برینداربوون".

نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژە بەوەش دەدات: "ئەو خەڵکانەی لەبەردەم بارەگای مەکتەبی سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوونەتە قوربانی، ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانن، ئەوە دیار نییە کە چەندیان پێشمەرگەن و چەندیان خەڵکی سڤیلن".

سەرچاوەیەک بۆ رووداو گوتی: تاوەکو ئێستا 6 شەهید و 3 بریندار هەن و تەقینەوەکە لە رێگەی دوو ماتۆڕسکیلی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجام دراوە.

پەیامنێری رووداو رایگەیاند: "یەکێک لە شەهیدەکان کارمەندی ئاسایشە".