عەبدوڵڵا پەشێو رەخنە لە دەسەڵاتدارێتی هەرێمی کوردستان دەگرێت
رووداو – هەولێر
ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، لەلایەن هونەرمەندان و رۆشنبیرانەوە گردبوونەوەیەك بۆ ئیدانەكردنی "تیرۆری قەڵەم"و كوشتنی رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی بەڕێوەچوو و چەندین چالاكیش ئەنجامدران، پەیامی پەشێوی شاعیریش لەو گردبوونەوەیەدا خوێنرایەوە، كە رەخنەی تووند ئاراستەی دەسەڵاتدارێتی هەرێمی كوردستان دەكات.
پەیامەكەی پەشێو لەلایەن نوێنەرێكییەوە خوێنرایەوەو سەبارەت بە گردبوونەوەكە و کاوە گەرمیانی نووسیویەتی "كارێكی بەجێ ئەنجام دەدەن و ئەركێكی ئەخلاقیش جێبەجێ دەكەن، كە یادی ئەو رۆڵە بەئەمەكەی كوردستان بەرز رادەگرن و هاوچارەنووسیی خۆتان لەگەڵ گەرمێنی رەشپۆش نیشاندەدەن. كاوە لەپێناوی ئێمەدا ئەو رێیەی هەڵبژاردو لەپێناوی ئێمەشدا سەری خۆی دانا".
دوای ئەو بەشەی پەیامەكەی، پەشێو رەخنەكانی دەستپێدەكات و رەشبینە بە دەستگیرکردنی تاوانبارانی کەیسی کاوە گەرمیانی و دەڵێ "كاوە لە وڵاتێكدا شەهیدكرا كە نە سیستەمی بەڕێوەبردنی تێدایە، نە دامودەزگە، نە دادگە نە دەستوور و نە یاسا، هەربۆیە نابێ چاوەڕوانی بەردادكردنی تاوانبارانی راستەقینە بین".
گوتووشیەتی: "تا حاڵی ئەو (هەرێم)ە بێسنوور و لەتلەتەی باشوور وەك حاڵی فلكەی بەتەمای خوابەی هەولێر بێ، ئەم ئەنفالە كپ و لەسەرخۆیەی سروشت و فەرهەنگ و مرۆڤ بەردەوام دەبێت".
عەبدوڵڵا پەشێو لە (هێلنسنكی)ەوە نووسیویەتی "تا ئەو دەسەڵاتە رەهایە بمێنێ، دەبێ كاروانی سووری كاوەو سەردەشت و سۆران و دوعاكان هەر بەڕێوەبێ. تا وڵاتمان نەبێتە مەڵبەندی یاسا و هاونیشتمان، تا گەورەیی مرۆڤ بە گیان و جەستەوە نەبێتە تەوەری تەوەرەكان، ئەوا لەمەولاش سەیدە ئەكرەمەكانی بادینان لە زیندانەكاندا دەژاكێن و چاوی هەولێرییان بە فشەدەرمان كۆرە دەكرێن و جادەكانی شاری هەڵمەت و قوربانی بە خوێنی رێژوانەكان دەڕەنگێن...".
شاعیر رەخنە لە سیاسەتی وزەی هەرێمی كوردستانیش دەگرێ و دەڵێ "ئەو دەسەڵاتە بێ ئەوەی كێشەی سنووری چارە كردبێ، بگاتە هەر بستە زەوییەك كە بۆنی نەوت و گازی لێ بێ كونێكی تێدەكاو بۆرییەك دادەچەقێنێ، رەوە تانكەرێكی تێ بەردەدا!. ئەو دەسەڵاتە تەنیا بۆن بە بنزەوییەوە دەكا و قەت بیر لەوانە ناكاتەوە كە لەسەر زەوی دەژین".