دوو هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان لە مەریوان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

20-11-2024
ژیلا ئەسعەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەنێوان دەروازەی باشماخ و شاری مەریوان، دوو هاونیشتمانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستدا. 
 
درەنگانی شەوی رابردوو لەسەر رێگەی باشماخ و مەریوان لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت پێکیاندادا و لە ئەنجامدا دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و دوو هاونیشتمانیی دیکەش بریندار بوون.
  
مسباح مەعرووفی، هاونیشتمانی لە شاری مەریوان بە رووداوی راگەیاند، لە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکاندا دوو سەرنشین گیانیان لەدەستداوە و لە ئۆتۆمبێلەکەی دیکەشدا دوو هاونیشتمانیی دیکە بریندار بوون.
 
مەعرووفی ئاماژەبەوەکرد، ئەو دوو کەسەی گیانیان لە دەستداوە خەڵکی هەرێمی کوردستانن و بە مەبەستی گەشتکردن چووبوونە رۆژهەڵاتی کوردستان. یەکێک لە بریندارەکانیش خەڵکی سەقزە و ئەوی دیکەش خەڵکی سەردەشتە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
مەعرووفی گوتی، تەرمی دوو هاونیشتمانییەکە لە پزیشکی دادی مەریوانە.
 
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەکی زۆر کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەست دەدەن.
 
بەگوێرەی راپۆرتی دادپزیشکیی ئێران، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-07-2024، شەش هەزار و 262 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە  رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 127 هەزار و 350 کەسیش بریندار بوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە