رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، پرۆسەی سەرژمێری سبەی کۆتایی نایەت، بەڵکو تاوەکو 10ـی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-11-2024، مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرۆسەی سەرژمێری لە باشووری کوردستان و عێراق سبەی پێنجشەممە کۆتایی نایەت.
مەحموود عوسمان گوتی، لە 22ـی ئەم مانگەوە تاوەکو 10ـی مانگی کانوونی یەکەم، قۆناخێکی دیکەی پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت ئەویش پڕکردنەوەی 70 پرسیارە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان، ئەو کات یەک کەس لە ماڵەوەبێت کێشە نییە؛ ئەوەی گرنگە زانینی وەڵامی ئەو 70 پرسیارەیە کە لە فۆرمەکەدا هەن.
مەحموود عوسمان گوتی، ئەوەی ئەمڕۆ و سبەی دەکرێت تەنیا وردبینی و چێککردنەوەی ئەو زانیارییانە کە رۆژانی 16 تاوەکو 19ـی مانگ لەبارەی ژمارەی دانیششتووان تۆمارکراون. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر گۆڕانکارییەک لەو ماوەیەدا روویدابێت چاک دەکرێت، وەک لەدایکبوون و مردن.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری رایگەیاند، ئەگەر لەدایکبوون تاوەکو کاژێر 12:00ـی شەوی 19 لەسەر 20ـی مانگ هەبێت، تۆمار دەکرێت؛ مردنیش ئەگەر تاوەکو ئەو کاتە هەبێت ناوەکەی دەسڕدرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ