رووداو دیجیتاڵ
پرۆسەی چڕی سەرژمێری دەستیپێکرد و ئەمڕۆ و سبەی قەدەخەی هاتووچۆیە. تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی پەیامنێرانییەوە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان رووماڵی پرۆسەکە دەکات.
تیمەکانی تایبەت بە سەرژمێریی گشتی ئەمڕۆ و سبەی لەو زانیارییانە دڵنیا دەبنەوە کە لە 16 بۆ 19ـی ئەم مانگە تۆمارکراون.
پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە هەولێر لە کاژێر 8:30 دەستیپێکرد.
دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو لە هەولێر دەڵێ: لێرە قەدەخەی هاتووچۆ پەیڕەو دەکرێت، بەڵام بەشێکی نانەواخانە، سەموونخانە و مارکێتەکان کراوەن.
لە سنووری ئیدارەی راپەڕین ئامادەکاری تەواو کراوە، تیمەکان و سەرپەرشتیارەکان ئامادەن و دەستبەکار بوون.
ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە رانییە گفتوگۆی لەگەڵ ئاراس ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ئاماری راپەڕین کرد و گوتی: کێشەی نێتوۆرکمان هەبوو، بەڵام زوو چارەسەرمان کرد و ئێستا کێشەمان نییە.
لە سنووری راپەڕین، 200 تیم لە گوند و شارەکاندا دەگەڕێن. لە کاژێر 7:00ی بەیانییەوە دەستبەکاربوون و تاوەکو 48 کاژێر بەردەوام دەبن.
ژمارەی دانیشتووانی راپەڕین زیاتر لە 460 هەزار کەسە.
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک گوتی: پرۆسەکە لە کاژێر 8:00 دەستیپێکرد، هەموو ئامادەکارییەکان تەواوبوون، هەندێ گرفتی تەکنیکی لە گەمارۆسازی و تۆمارکردنی خێزان هەبوون، چاوەڕوان دەکرێ چارەسەر کرابن.
لە کەرکووک، شەش هەزار و 652 کەس وەکو ئەندامی تیمی سەرژمێری کاردەکەن. 4 هەزار و 61 کەس بەڕێوەبەری کەرت، هەزار و 61 کەس یاریدەدەر و ئەوانی دیکە ئەندامی تیمەکانن.
لە کەرکووک هێڵی گەرمی سەرژمێری دانراوە و لە هەر شوێنێک کێشە هەبوو هاونیشتمانییان دەتوانن پەیوەندی بە 5211ـەوە بکەن.
دهۆک بەسەر شەش هەزار بلۆکدا دابەشکراوە و تیمەکان بەسەریاندا دەگەڕێن. لەنێو کامپەکانی دهۆکیش تیمی تایبەت هەن کە ژمارەیان 15 کامپە.
حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداو لە دهۆک گوتی: لە سنووری دهۆک کامپی ئاوارەی عەرەب نەماوە، تەنیا نیشتەجێ لەنێو شارەکان هەن و ئاوارە نین، کە زۆربەیان خەڵکی نەینەوان و بەشێکیان ئامادەنین بگەڕێنەوە.
قەزای شێخان، رەنگە جیاوازتر قەزای باشووری کوردستان بێت، چونکە دوو بەشە، ناوەندی قەزاکە لەگەڵ ناحیەی زیلکان سەر بە پارێزگای نەینەوان، بەڵام ناحیەکانی قەسرۆک، باعەدرێ، کەلەکچی و ئەترووش کە سەر بەو قەزایەن، کەوتوونەتە سنووری هەرێمی کوردستانەوە.
ئەیوب نەسری، پەیامنێری رووداو لە شێخان گوتی: 376 بژمێر لە سنووری شێخان دەستبەکاربوون، تەنیا کێشەی تێپەڕە وشە لە سنوورەکە هەبوو، بەڵام دوێنێ تاوەکو درەنگ سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بوون و چاوەڕوان دەکرێت چارەسەرکرابێت.
سێ رۆژە بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا بە تەواوی راوەستاوە، چونکە لە دیوی تورکیاوە سەرقاڵی نوێکردنەوەی سیستمەکەیانن و تەنیا پێداویستی وشک (بیناسازی) داخیلی هەرێمی کوردستان دەکرێت. بەڵام هاتووچۆ ئاساییە.
غەریب مەجید، پەیامنێری رووداو لە زاخۆ گوتی: تیمەکانی سەرژمێری دەستبەکاربوون و بە گەڕەک و شارۆچکە و گوندەکاندا دەگەڕێن.
لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەزار و 180 بژمێر و 500 سەرپەرشتیار هەن، پرۆسەکە کاژێر 8:00 دەستیپێکرد.
بە گوتەی ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو لە سۆران، هەموو گرفتەکان چارەسەرکراون، بەڵام گومانی ئەوە هەیە لە هەندێک لە گوندە دوورەدەستەکان کێشەی ئینتەرنێت هەبێت.
لە حاجی ئۆمەران و زێت، هاتووچۆ سنووردار کراوە و رێگەی چوون و هاتن بە کەس نادرێت، تەنیا هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بگەڕێنەوە، بەڵام جووڵەی بازرگانی ئاساییە.
لەنێو خانەقین قەدەخەی هاتووچۆ تووندە و هاتووچۆی شارەکان بە تەواوی داخراوە.
هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە خانەقین گوتی: هەرچەندە لە دەروازەی سنووریی پەروێزخان راگەیێندرابوو کە هاتووچۆی بازرگانی ئاساییە، بەڵام لە بازگەکان کێشە بۆ بارهەڵگرەکان دروستکراوە و رێگەیان پێنادرێت بچنە دەروازە سنوورییەکە.
هونەر قسەی لەگەڵ بەرپرسانی دەروازە کردووە و گوتوویانە "رێنمایی نوێمان بۆ هاتووە و رێگە بە چوونی بارهەڵگرەکان نادەین."
دوو هەزار و 399 بژمێر بۆ خانەقین دانراون، ناوەندی خانەقین 270یان بۆ دانراوە، لە ناوەندی شارەکە زۆربەیان کوردن بەڵام لە سەعدییە، گوڵاڵە و قەرەتەپە و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە زۆربەی بژمێرەکان عەرەبن.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، نزیکەی 15 هەزار ماڵبات خەڵکی سنووری خانەقینن و لە مادەی 140دا تۆمارکراون، بەڵام لە حەفتاکانی سەتەی رابردووەوە تاوەکو دوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017 بە هۆکاری جیاواز سنوورەکەیان جێهێشتووە، ئێستا بۆ گەڕانەوە کێشەی شوێنیان هەیە، چونکە هەندێکیان خزمی نزیکیان نییە و لە خانەقینیش تەنیا یەک هۆتێل هەیە.
بە گوتەی پەیامنێری رووداو لە خانەقین، بژمێرەکانیش لەنێو خانوو نەبێت کەس تۆمار ناکەن. هەندێک لە گوندەکان سەر بە ئیدارەی گەرمیانن، بەڵام ناسنامەیان سەر بە خانەقینە، ئەمانەش گرفتیان هەیە. "30 گوندی کوردنشین لە دوای 2017ەوە چۆڵکراون و ئەوانیش ناتوانن بگەڕێنەوە. گوند هەیە لە 300 ماڵ 10 ماڵ ماونەتەوە و لە ژماردنی خێزانەکاندا تەنیا ئەو 10 ماڵە نووسراون."
لە سەرژمێریدا، هەڵەبجە بە پارێزگا هەژمار نەکراوە.
سازگار سەلاح، پەیامنێری رووداو لە هەڵەبجە گوتی: لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە 430 بژمێر هەن، کە دەبێت مزگەوت و شوێنە تایبەتەکان و تەنانەت تەویلەش بگەڕێن.
هەڵەبجە سێ ناحیەی هەیە، ناحیەی بەمۆ بژمێری تایبەتی خۆی بۆ دانراوە و دواتر ئامارەکەی دەگەڕێندرێتەوە بۆ هەڵەبجە.
لە هەڵەبجە بەشێک لە تابلێتی بژمێرەکان درەنگ گەیێندرانە دەستیان، بەڵام کێشەی دروست نەکرد و لەکاتی خۆیدا دەستیپێکرد.
سازگار دەڵێت: "لەبەرئەوە هەڵەبجە وەکو پارێزگا هەژمار نەکراوە، خەڵکەکەی لە دەرەوەی پارێزگاکە لە شوێنەکانی خۆیان دەمێننە و ناگەڕێنەوە."
لە ناحیەی بەحرکەی سنووری هەولێر، هاتووچۆ کەم کەم هەیە و خەڵک بۆ کڕینی نان و پێویستی دەبینرێن.
ڤەژین موراد، پەیامنێری رووداو لە بەحرکە گفتوگۆیەکی لەگەڵ سەلاحەدین قادر، مامۆستای خانەنشین کرد و گوتی: "ئەمە چارەنووسی نەتەوەکەمانە و ئینشائەڵڵا بەباشی بەڕێوەدەچێت. داوا لە خەڵکی کەرکووک، شنگال، مەخموور، گوێڕ و خانەقین دەکەم ئەم دوو رۆژە دان بەخۆیاندا بگرن و بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی خۆیان تۆماربکەن."
مامۆستا سەلاحەدین دەڵێ: "لەم سەرژمێرییەدا کوردمان بە یەک رەنگ بینی، داوا لە سەرکردەکان دەکەم با ئەوانیش یەک رەنگ بن."
بنەسڵاوە، قەزایەکە کە کەمتر لە 10 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری هەولێرەوە دوورە، بەڵام زۆربەی دانیشتووانەکەی خەڵکی سنووری کەرکووکن.
بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو لە بنەسڵاوە گوتی: لە 31 ماڵ کە ژماردوومە تەنیا سێ ماڵیان ئۆتۆمبێلیان لەبەر دەرگایە، ئەوانیش خەڵکی سنووری هەولێرن، ئەوانی دیکە کەرکووکین و بۆ سەرژمێری گەڕاونەتەوە.
رێباز خەبات، خاوەنی مارکێتە لەو شارە و قسەی بۆ بەختیار کرد "هیچ کڕیار نەهاتوون بۆ کڕین، هەمووان گەڕوانەتەوە بۆ کەرکووک، دەتوانم بڵێم سەد لە سەدی کەرکووکییەکان گەڕاونەتەوە، هەر کەرکووکییەکم ناسیبێ گەڕاوەتەوە. مادام بۆ کەرکووکە، بێبازاڕییەکەم پێناخۆش نییە."
سەرگەڕان، یەکێکە لەو ناحیانەی کە زۆرترین کێشەی زەوی و زار لەنێوان کوردی رەسەنی ناوچەکە و عەرەبی هاوردە هەیە.
فەرهاد دۆلەمەڕی، پەیامنێری رووداو، لەو ناحیەوە رووماڵی سەرژمێری کرد و گوتی: پێش ئەوەی داخیلی ناحیەکە بیت، دوو بازگە هەن، لەوێ رێگری هەبوو، بەشێک لە دانیشتووانی سنووری قەراج بە ناچاری گەڕانەوە.
خەڵکی ئەو سنوورە ناتوانن بە شەو بمێننەوە، چونکە ناوچەکە کەوتوونەتە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق.
لە سەرگەڕان پێنج بژمێر دەستبەکارن. موسا یەکێکە لەو پێنج کەسە و قسەی بۆ رووداو کرد "دەبێ هەموو ئەندامانی خێزانەکان ئامادەبن، چونکە هەمووان ناونووسکراون و ئەمڕۆ وردبینی دەکەین."
بە گوتەی موسا: "لە هەموو ماڵێکدا چەند خێزانێک هەن، ماڵ هەبووە تاوەکو نۆ خێزانی تێدابووە کە نزیکەی 70 کەس بوون. بەڵام سیستمەکە لە نۆ ماڵ زیاتر ناخوێنرێتەوە."
ژمارەیەک لە خەڵکی رەسەنی مەخموور، ئەوانەی لە دەرەوەی سنوورەکە دەژین، گەڕاونەتەوە بۆ سەرژمێری.
خۆشناو شوکر، ئەندامی تیمی سەرژمێری لە مەخموور قسەی بۆ رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو کرد و گوتی، "لە کاژێر 8:00ەوە دەستبەکاربووین و تائێستا هیچ گرفتێکمان نییە."
سنووری مەخموور 528 بلۆکە، مەخموور و دەوروبەری دابەشی 158 بلۆک کراوە و ناوەندی مەخموور 83 بلۆکە، بە گشتی 153 بژمێر کار دەکەن.
هاونیشتمانییەک گوتی، "لە ساڵی 1987ـەوە ئاوارەی هەولێر بووم و نەگەڕاومەتەوە، بەڵام ئێستا بۆ سەرژمێری هاتووینەتەوە. برایەکم ویستی بگەڕێتەوە؛ جێ نەبوو، دەبوو جێیەک یان خێمەیەکیان بۆ ئەو خێزانانە دابین بکردبا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ