لە هەولێر 24 منداڵ لە یەکەم رۆژی سەرژمێریی گشتیی لەدایک بوون

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
ڤەژین موراد
لە رۆژی سەرژمێریدا ژمارەیەک منداڵ لەدایکبوون، بەڵام ناوەکەیان لە سەرژمێرییدا تۆمار نەکرا.
لە رۆژی سەرژمێریدا ژمارەیەک منداڵ لەدایکبوون، بەڵام ناوەکەیان لە سەرژمێرییدا تۆمار نەکرا.
نیشانەکردن سەرژمێری 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

منداڵێک، ئەمڕۆ کاژێر 01:00ـی دوانیوەڕۆ لەدایک بوو، لە نەخۆشخانە کات و بەرواری لەدایکبوونی تۆمارکرا، بەڵام لە سەرژمێریی گشتی، تۆمار ناکرێت.
 
ئەو منداڵە نۆبەرەی خێزانێکی گەنجی هەولێرە، کە دایک و باوکی ماوەی ساڵێکە هاوسەرگیریان کردووە.
 
ئەحمەد نەجمەدین، باوکی منداڵەکە کاسبکارە و دەڵێت، "شتەکە بەدەست ئێمە نەبوو، قسمەتە و بەدەست خودایە چ کاتێک منداڵەکە بێتە دونیاوە. بۆ ئێمە رێککەوتەکە هیچ کێشە نەبوو، گرنگ ئەوەیە منداڵەکە تەندروست بێت، ئەمە بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرنگترە."  
 
بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی پلاندانان، مردن و لەدایکبوون لە رۆژانی سەرژمێریی گشتی تۆمارناکرێن.
 
لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی پایتەختیش دوای کاژێر 12:00 و راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ، دوو منداڵ لە دایک بوون.
 
خەلیل رەمەزان،  بەڕێوەبەری بەشی منداڵان دەڵێت، "دوو کەس هەبوون، لەدوای کاژێر 12:00 لەدایکبوون، هەردوو منداڵەکە کور بوون، منداڵی یەکەم باش بوو و دامانەوە دەست کەسوکاری. منداڵی دووەم پێش کاتی خۆی لەدایک بوو، کەمێک تەنگەنەفەس بوو، لەنێو شووشەمان داناوە و پشتیوان بە خوا ئەویش باش دەبێت."
 
رۆژی سەرژمێری، کاتێکی مێژووییە و دوای 37 ساڵ یەکەمجارە سەرژمێری دەکرێت، بۆیە دڵشاد ئیبراهیم حەزی دەکرد منداڵەکەی تۆمارکردبا. 
 
دڵشاد فەرمانبەرە و دەڵێت، "ئەوەی ئێمە دەمانویست، پێمان خۆشبوو پێش کاژێر 12:00ـی شەوی رابردوو لەدایک بووایە، لەبەر سەرژمێری. ناحەزانی کورد هەموو هێزیان بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی تاکێکی کورد بەشداری نەکات. لە بازگەکانی کەرکووک رێگریان دەکرد لەوەی یەک خانەوادە بگەڕێتەوە. ئەگەر بۆ ئەوان تاکێکی کورد زۆر بێت، بۆ ئێمە شانازییە و تاکێک زۆرە. مادام دووژمن حیساب بۆ ئەم تاکە بکات، دەبێت ئێمە زۆر زیاتر حیسابی بۆ بکەین." 
 
بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی هەولێر، لە دوای کاژێر 12:00ــی شەو تاوەکو 05:00ـی ئێوارەی 20 ـی مانگ، 15  کوڕ و 9 کچ لەدایک بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرژمێری لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان

رێگە نەدرا کوردە گەڕاوەکانی سەرگەڕان لە ماڵەکانیانەوە بەشدار بن لە سەرژمێری؛ ئەوانیش خێمەیان هەڵدا

بۆ بەشداریکردن لە سەرژمێریی گشتی، 9 خێزان ماوەی دوو رۆژە لەنێو جەرگەی سەرگەڕان لەسەر زەوییەکانیان خێمەیان هەڵداوە، ئەوان لە ساڵی 1987 دوای خاپوورکردنی گوندەکەیان لەلایەن رژێمی بەعسەوە، گوندەکەیان بەرەو شار جێهێشتووە.