رێگە نەدرا کوردە گەڕاوەکانی سەرگەڕان لە ماڵەکانیانەوە بەشدار بن لە سەرژمێری؛ ئەوانیش خێمەیان هەڵدا
رووداو دیجیتاڵ
بۆ بەشداریکردن لە سەرژمێریی گشتی، 9 خێزان ماوەی دوو رۆژە لەنێو جەرگەی سەرگەڕان لەسەر زەوییەکانیان خێمەیان هەڵداوە، ئەوان لە ساڵی 1987 دوای خاپوورکردنی گوندەکەیان لەلایەن رژێمی بەعسەوە، گوندەکەیان بەرەو شار جێهێشتووە.
ئیسماعیل عەلی خەڵکی سەرگەڕانە و دەڵێ، "لە تەمەنی 6، 7 ساڵییەوە لە گوندەکەمان رۆیشتووین و نەگەڕاینەوە، ئێستاش بۆ دووبارە خۆتۆمارکردن و هاتووین تاوەکو رێژەی کورد لەم ناوچانەدا زیادبێت."
گوندی پەڵكانە، بەشێکی خانووەکانی لەلایەن عەرەبی هاوردەوە دەستی بەسەرداگیراوە.
مام سابیری تەمەن 73 ساڵ، ئەو پیاوەیە کە بە سیمبوولی بەرگرکردن لە شووناسی کورد لە پەڵکانە ناوی دەهێندرێت. ئەو لە زێدی خۆی بەشداریی سەرژمێریی گشتی دەکات.
سابیر عومەر بە رووداوی گوت، "داوا لە هەموو خەڵکی گوندەکانی سەرگەڕان، گابەڵەک، سەربەشاخ، پەڵكانە و دەشتی کەندێناوە و قەراج دەکەین، بێن و خۆیان تۆماربکەن."
لەنێو گوندی پەڵکانە، بژمێرەکان کورد و عەرەبی هاوردەیان لە پرۆسەی سەرژمێری تۆمارکرد.
لەنێو گوندی پەلکانە زیاتر لە 50 خانووی کورد لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە لەلایەن سوپای عێراق دەستیان بەسەردا گیراوە، خاوەن ئەو ماڵانە بۆ بەشداری لە سەرژمێری گەڕانەوە گوندەکەیان، بەڵام هێزە عێراقییەکان رێگەیان نەدا کورد لەسەر خانووەکانی خۆیان بەشداری لە پرۆسەی سەرژمێری بکەن.
ئەو خێزانانەی لە گوندی پەڵکانە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە رێگرییان لێکرا، بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بە ناچاری لە ماڵە خزمەکانیان خۆیان تۆمارکرد.
خەبات عومەر، خەڵکی پەڵکانەیە و دەڵێ "ئێمە هاتووین تاوەکو خۆمان لە پرۆسەی سەرژمێری تۆماربکەین، ئێرە شوێنی باب و باپیرانمانە کەچی سوپای عێراق رێگریمان لێدەکات بڕۆینەوە نێو خانووەکانمان."
دانیشتووانی گوندی گابەڵەک، لەسەر ئەرکی خۆیان خێمەیان هەڵداوە بۆ ئەوەی ئەو خێزانانەی ماڵیان لە گوندەکە نییە، بتوانن بگەڕێنەوە و لە زێدی باب و باپیرانیان خۆیان تۆماربکەن.
دلێر ئەحمەد، موختاری گوندی گابەڵەک لەبارەی خێمەکە دەڵێ "ئەم خێمانەمان هەڵدا تاوەکو خەڵکی گوند، ئەوانەی خانوویان لێرە نییە، بتوان بگەڕێنەوە و بەشداری لە سەرژمێری دا بکەن."
لە کۆی 42 گوندی دەشتی کەندێناوە، 40 گوندیان کوردنشینن و دەکەونە سنووری ماددەی 140، زۆربەی دانیشتووانەکانیان بۆ سەرژمێری گەڕاونەتەوە، بەجۆرێک ماڵ نییە لە 4 بۆ 9 خێزانی تێدا نەبێت.