زانیاری لەبارەی کاتی راگەیاندنی ئەنجامی سەرژمێری

20-11-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، سبەی شەو ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان رادەگەیێندرێت.
 
گوتەبێژی ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش دەڵێت، بڕیارە لە ماوەی 48 کاژێر بۆ 72 کاژێری دیکە ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی دانیشتوان رابگەیێندرێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-11-2024، مەحموود عوسمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە سبەی شەو ئەنجامی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لەلایەن وەزیری پلاندانانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رابگەیێندرێت.
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەنجامی سەرژمێریی لەسەر ئاستی عێراق، هەرێمی کوردستان، پارێزگا، قەزا و ناحیەکان رادەگەیێندرێت.
 
بەڵام مەحموود عوسمان دەڵێت، "حکومەتی هەرێـمی کوردستان رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە، کە نابێت ئەنجامی سەرژمێریی ناوچەکانی مادەی 140 رابگەیێندرێت، تاوەکو ئەو بەراوردە تەواو دەبێت کە لەنێوان داتا و زانیارییەکانی وەزارەتی پلاندانان و کۆچ وکۆچبەران و تۆماری سەرژمێریی ساڵی 1957 دەکرێت.
 
مەحموود عوسمان دەڵێت، تەواوی ئەو ناوچانەیان داوەتە حکومەتی عێراق کە لە چوارچێوەی مادەی 140ی دەستووری عێراقن و نابێت ئەنجامەکەی رابگەیێندرێت. 
 
حەیدەر مەجید، گوتەبێژی ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 12ی شەوی پێنجشەممە پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتوان کۆتایی دێت، بڕیارە لە ماوەی 48 کاژێر بۆ 72 کاژێر ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی دانیشتوان رابگەیێندرێت. هەرچی ئەوەی تایبەت بە داتا و زانیاریی کۆتایی و وردەکاریی کەرتەکانی دیکە ئەوا لە دوو مانگی دیکە رادەگەیێندرێت". 
 
گوتەبێژی ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەڵێت، "نیوەی شەوی سبەی پێنجشەممە پرۆسەی سەرژمێریی کۆتایی دێت، بڕیارە رۆژی شەممە، یاخود یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، ئەنجامی بەرایی ئەنجام و ئاماری سەرژمێری رابگەیێندرێت. ئێستا سات بە سات داتا و زانیارییەکان دەگەنە سەنتەری داتا و زانیارییەکان". 
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی 12ی ئە مانگەدا، رەزامەندی لەسەر داواکارییەکی هەرێمی کوردستان دەربڕی، ئەو کات هاوڕێ تۆفیق، بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا وەکو بەشێک لە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سەرژمێریی گشتی، بڕیاردرا ئەنجامی سەرژمێریی ناوچەکانی مادەی 140 رانەگەیێندرێت، تاوەکو ئەو کاتەی تۆمارکراوان لە رێگەی لیژنەیەکەوە ناوەکانیان بۆ ناوچە رەسەنەکانی خۆیان دەگەڕێندرێتەوە و لەسەر هەمان شوێن هەژمار دەکرێن."
 
بەگوێرەی بڕیارەکە لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی پلادانانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ دوو بابەتی سەرەکی پێکدەهێندرێت، هاوڕێ تۆفیق لەوبارەیەوە گوتی، ئەو دوو بابەتەش "یەکەم: وردبینی لە ناوی ئاوارەکان کە هاتوونەتە ئەو ناوچانە، ئەوەش بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران کە تۆمار کراون. ئەمانە ناوەکانیان لەسەر کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی مادەی 140 دەسڕێتەوە و دەخرێنەوە سەر زێدی خۆیان".
 
سەبارەت بە بابەتی دووەمیش بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق گوتی، "تۆمارکردنی ناو لەسەر بنەمای سەرژمێریی 1957 دەبێت، هەر کەسێک تۆمارەکەی 1957 نەبێت و لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە ناوی تۆمار کراوە، ناوەکەی دەسڕێتەوە و دەخرێتە سەر زێدی خۆیان. ئەوەش بەمەبەستی دڵنیاییدانی زیاتر بە هەرێمی کوردستان و رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی".
 
هەروەها ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی 5ی ئەم مانگەیدا لەسەر داوای هەرێمی کوردستان 7 بڕیاری دیکەی پەسند کرد کە بریتی بوون لە:
 
یەکەم: پابەندبوون بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی (73/ فیدراڵی/2010) تایبەت بە سەرژمێریی دانیشتووان.
 
دووەم: لە ناوچە کێشەلەسەرەکان تیمێکی هاوبەش لە هەرسێ نەتەوەی (عەرەب، کورد و تورکمان) کاری سەرژمێری دەکەن. کەسێکی کریستیانیش لە ناوچە زۆرینە کریستیاننشینەکان لە تیمەکە دەبێت.
 
سێیەم: دەستەی ئامار و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانی عێراق، بە هاوکاریی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ، بەراوردی خشتەی داتای وەزارەتەکان لەگەڵ ئەنجامی سەرژمێری دەکەن لە:
 
- تۆماری وەزارەتی ناوخۆ، سەرژمێریی 1957 و نوێکردنەوەی.
- تۆماری وەزارەتی بازرگانی و داتای وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران.
 
چوارەم: ئەنجامی سەرژمێریی گشتی و داتاکانی تایبەت بە سەرژمێری لەگەڵ تۆمارە هاتووەکان لە بڕگەی سێ بەراورد دەکرێن. ئەو کارە لە پسپۆڕیی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ و وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستانی عێراقە، بەگوێرەی رێککەوتنی هاوبەش. لیستێکی تایبەت بەو ناوچانە رێکدەخرێت کە ئەنجامەکەی بەراوردکردنی داتاکانی تێدایە. وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی و وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان هەریەکەکان کۆپییەکی ئەو تۆمارەیان لادەبێت.
 
پێنجەم: پابەندبوون بە رێکخستنی خشتەی سەرژمێری لەبارەی ژمارەی کۆچپێکراوان و ئاوارەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان و پارێزگاکانی دیکە بەگوێرەی بەڵگەنامە فەرمییەکان.
 
شەشەم: تیمێکی تەکنیکیی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ژووری سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەرژمێری دەبێت، بۆ ئاگاداری و بەدواداچوونی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری و دڵنیابوون لە سەلامەتیی رێکارەکان بە شێوەیەکی هەمیشەیی، تاوەکو تەواوبوونی پرۆسەکە.
 
حەوتەم: پابەندبوونی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانی عێراق، کە دەستبەجێ خولی راهێنانی چڕ بۆ سەرژمێرکاران بکاتەوە، وەکو ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوون لە 20ی تشرینی دووەمی 2024دا.

 

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆک مەسعود بارزانی لە رۆژی نزای نیشتمانی

سەرۆک بارزانی: جەوهەری دین، ئەخلاقە

سەرۆک بارزانی لە 'رۆژی نزای نیشتمانی' گوتارێکی پێشکێش کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "جەوهەری دین، ئەخلاقە." ئەوەیشی خستەڕوو، "یەکدی قبووڵکردن بەشێکی سەرەکیی بیروباوەڕی ئێمەیە، ئەمەش بە پشتبەستن بە ئایەتی خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا."