رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی دھۆک دەڵێت، 70%ی خەڵکی شنگال لە پارێزگای دهۆک بەشداری لە سەرژمێریدا دەکەن. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەواش دەڵێت، "نەگەڕانەوەی ئاوارەکان مەترسی دروست دەکات."
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی تشرینی دووەمی 2024 پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی دھۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەم دوو رۆژەی رابردوودا هەندێک لە ئاوارەکان گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، بەڵام ژمارەیان کەمە."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان بۆ رووداو، زیاتر لە 200 هەزار کوردی ئێزدیی خەڵکی شنگال و دەوروبەری ئێستا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن کە نزیکەی 70%یان لە سنووری دهۆکن.
بە گوتەی پیردەیان جەعفەر، "30%ی ئاوارەکانی دهۆک گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان لە سنووری شنگال و لەوێ سەرژمێری دەکەن."
هاوکات چیاڤان عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری ئاماری دهۆک بە رووداوی گوت، "قۆناخی یەکەمی سەرژمێری، کە ژمارەلێدان و گەمارۆسازی بوو، لە کەمپەکانی دهۆکیش کرا. ئەمڕۆش هاوشێوەی شوێنەکانی دیکە قۆناخی دووەمی پرۆسەکە لە کەمپەکان بەڕێوەدەچێت."
گوهدار محەممەد، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "خەڵکی هەر شار و وڵاتێک بیت و لە هەرێمی کوردستان بژیت، بە دانیشتووی ئەو شوێنە تۆمار دەکرێیت."
بە گوتەی سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان، "هەر کەسێک لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بێت، لە فۆرمی سەرژمێریدا ئاماژە بەوە دەکرێت کە لە بنەڕەتدا لە پارێزگایەکی دیکە ژیاوە و لەدایکبووە، بەڵام بە دانیشتووی هەرێمی کوردستان و ئەو ناوچەیە دیاری دەکرێت کە لێی دەژی."
محەممەد جاسم کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی یەکێتی کە هاوکات سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و بەرگرییە لە ئەنجوومەنەکە بە رووداوی راگەیاند، "نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان مەترسی دروست دەکات، لەوانەش مەترسی کەمی دانیشتووی شنگال."
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، "پێویست بوو، وەک کەرکووک هەموو ئاوارەکانی هەرێمی کوردستانیش بڕۆنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و لەوێ بەشداری سەرژمێری بکەن."
محەممەد کاکەیی گوتیشی، "هەندێک بەرپرس لە نەینەوا بە هاووڵاتیانیان گوتووە کە پێویست ناکات بگەڕێنەوە، چونکە لە هەر شوێنێک تۆماربکرێن ناوەکانتان دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگای بنچینەیی خۆتان. ئەو قسەیە دوورە لە راستییەوە".
بە گوتەی محەممەد جاسم کاکەیی، "هەرچەندە لە شنگال عەرەب کەمینەن، بەڵام بەشێکیان گەڕاونەتەوە بۆ شنگال. ئەمەش مەترسییە بۆ سەر رێژەی کورد لە سنوورەکە، هەروەها کاریگەریی لەسەر کەمی پڕۆژە خزمتگوزارییەکان و کەمی دامەزراندن و هەلی کار لە شنگال دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ