نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: لە پلانمان دایە 6 لیوای هاوبەش دروستبکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکانی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق لە دامەزراندنی ئەو دوو لیوا هاوبەشە سەرکەوتوو بوون. ئاماژەی بەوەش دا، "لە پلانمان دایە لە داهاتوودا زیاتر لە 6 لیوای هاوبەش دروستبکەین."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی تشرینی دووەم عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق و سەرپەرشتیاری سەرژمێریی ناوچەی ئەمنیی هاوبەش، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی پەیامنێری رووداوی دایەوە و گوتی، "دروستبوونی ئەم دوو لیوایەی هێزە هاوبەشەکان وەکو تاقیکردنەوەیەک بوو، کە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق لێی سەرکەوتوو بوون."
 
بە گوتەی عەبدولخالق تەڵعەت، "ئێستا ئەم دوو لیوایە شوێنەکانی خۆیان گرتووە، هەموو کارەکانیان بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچن."
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق گوتی، "ئەو شوێنانەی کە ماون بە دوو لیوا پڕ نابنەوە، ئەگەر سەرکەوتووبین لەو کارەی ئێستا دەیکەین، لە ساڵانی داهاتوو پێویستمان بە زیاتر لە شەش لیوایە، کە بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق دروستی بکەین."
 
گوتیشی، "ئێستا لە ناوچەکانی قەرەچووخ، سەرگەڕان و تا دەگاتە سنووری کەرکووک، هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق ئەو ناوچانە دەپارێزن، لە ساڵانی داهاتوو کورد بە ئاسانی دەتوانن لەو ناوچانە کشتوکاڵ بکەن."
 
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێری عەبدولخالق تەڵعەت لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، "ئەوەی جێگای دڵخۆشی ئێمەیە کە خەڵکێکی زۆر بە لێشاو گەڕانەوە بۆ پارێزگای کەرکووک تاوەکو ناویان تۆماربکرێت، بێگومان تۆمارکردنی ناوی ئەوان بۆ ئەم سەرژمێرییە گرنگەیەکی تایبەتی هەیە."