ئەمڕۆ خەڵک و تیمەکانی سەرژمێری چی بکەن و چی نەکەن؟
رووداو دیجیتاڵ
قۆناخە چڕەکەی سەرژمێری دەستیپێکرد، ئەمڕۆ و سبەی ئەو زانیارییانە چێک دەکرێنەوە کە لە 16 بۆ 19ـی ئەم مانگە تۆمارکراون، هەروەها دوو پرسیاری دیکە لە خێزانەکان دەکرێن.
مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە ژمێرەکان رووبەڕوو لەگەڵ خێزانەکان دادەنشین و زانیارییەکان بە کارتی نیشتمانی بەراورد دەکەن. بە نزیکەی پێنج خولەک کارەکان تەواو دەبن. ئەگەر کارتی نیشتمانی نەبێت، ئەو بەراوردە بەگوێرەی ناسنامەی باری شارستانی دەبێت.
ئەو پرسیارانەی لە رۆژانی 16 بۆ 19ی مانگ کران لە فۆرمێکی سادەی یەک لاپەڕەییدا نووسرابوون. پرسیارەکان بریتی بوون لە ناوی سەرۆک خێزان، ژمارەی ئەندامانی خێزان و ناوی سیانییان، پەیوەندیی خێزانیان، رەگەز ( نێر یان مێ)، رۆژ و مانگ و ساڵی لەدایکبوون.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوو پرسیاری دیکە هەن کە لە خەڵک دەکرێن، یەکەم: ئایا تاوەکو کاژێر 12:00ـی شەوی 19 لەسەر 20ـی مانگ، منداڵتان لەدایکبووە؟ ئەگەر منداڵ لەدایکبووبێت، ئەو کاتە ناوەکەی زیاد دەکرێت.
ئەمە واتا، ئەگەر منداڵێک کاژێر 12:01 خولەک لەدایکبووبێت، ئەوا تۆمارناکرێت.
پرسیارەکەی دیکە ئەوەیە کە ئایا تاوەکو پێش کاژێر 12:00ـی شەوی 19ـی مانگ هیچ کەسێکتان کۆچی دوایی کردووە؟ ئەگەر گوتیان بەڵێ، ئەوا ناوەکەی دەسڕدرێتەوە.
دواتر قۆناخێکی دیکە لە 22ی مانگ تاوەکو 10ی مانگی کانوونی یەکەم بەڕێودەچێت و ئەویش حەفتا پرسیارە.
بژمێر و خەڵک دەبێ چی بکەن؟
خەڵک لە قۆناخی 20 و 21 دەبێت لە ماڵەکانیان دابنشن و چاوەڕێی تیمی سەرژمێری و بژمێرەکان بکەن بۆ تۆمارکردنی ناوی خێزانەکانیان. ئەو کەسەی ئامادە نەبێت، دەبێ پاڵشتیی بەڵگەنامەی هەبێ بۆ تۆمارکردنی لە سەرژمێریدا.
د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەرفەتی ئەوە نەماوە کەس تۆمار نەکرێت، رێگری لە تیمەکانی سەرژمێری لێپێچینەوەی لەسەرە بەپێی یاسای سەرژمێریی عێراق، ئەوانەشی زانیاریی هەڵە دەدەنە تیمەکان هەر خۆیان زەرەرمەند دەبن".