رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، بەهۆی لافاوەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا، نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە کە پێنج کەسیان لە باکووری کوردستانن.
نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2023، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە لە 16 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان، تاوەکو ئێستا نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە چوار کەسیان لە ئێلیهـ، کەسێک لە ئامەد، سێ کەس لە هەرێمی دەریای رەش و سەرنشینێکی کەشتییە ژێرئاو کەوتووەکەی سنووری ئاوی زۆنگوڵداکن.
عەلی یەرلیکایا، لەبارەی پرۆسەی گەڕان و دۆزینەوەی 11 سەرنشینە بێسەروشوێن بووەکانی کەشتییە ژێرئاوکەوتووەکەی سنوورە ئاوییەکانی شاری زۆنگوڵداک لە دەریای رەش رایگەیاند، پرۆسەکە لە کاژێر 08:00ـی بەیانییەوە بە 300 کارمەند و سێ بەلەمی تایبەت و دوو هێلیکۆپتەرەوە دەستیپێکردووە و ئەگەر کەشوهەوا لەبار بێت، بەردەوام دەبێت.
وەزیری ناوخۆی تورکیا راشیگەیاند، لە نیوەشەوی رابردووەوە دوو هەزار و 916 جار پەیوەندی بە هێڵی گەرمی تیمەکانی سهرۆكایهتیی بەڕێوەبردنی كارهسات و باری لهناكاوی تورکیا- ئافاد کراوە و تیمەکان خۆیان گەیاندووەتە 2016 شوێن و هاوکاری خەڵکییان کردووە.
عەلی یەرلیکایا گوتی، پارێزگارەکانیان راسپاردووە بۆ دیاریکردنی زیانی مادی هاووڵاتییان و گوتی، "رۆژی چوارشەممە لیستی زیانەکانمان پێدەگات و رۆژی هەینی قەرەبووی سەرجەم هاووڵاتییان دەکەینەوە، ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ