رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، شەپۆلی بارانبارین ئێوارەی ئەمڕۆ بەراورد بە پێش نیوەڕۆ لاواز دەبێت و رۆژی سێشەممە بە نمەباران بەردەوام دەبێت و شەوەکەی کۆتایی دێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20-11-2023 کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ تاوەکو نیوەڕۆ بارانی بەلێزمە و هەورە برووسکە لە زۆربەی ناوچەکان بەردەوامی دەبێت. زۆرترین باران لە سنووری پارێزگای سلێمانی، سەنتەری شارەکە و ناوچەکانی گەرمیان دەبێت. لە پارێزگای دهۆک ناوچەکانی ئاکرێ، شیلادزێ و ناوچەکانی دەوروبەری زۆرترین رێژەی بارینبارینی تێدا دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش ئەگەری بەفربارین هەیە".
لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆی پارێزگای هەولێرەوە کەشناسی دەڵێت، "لە سەنتەری شار، ناوچەکانی کۆیە و هیران و دەوروبەری تا کاتەکانی نیوەرۆ ئەگەری دابارینی زۆر هەیە بە شێوەی لێزمەباران و پاشان کاریگەری لاواز دەبێت لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ؛ لە ناوچەکانی باڵەکایەتی و ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان بەردەوامی دەبێت بەشیوەی نمە باران و بەفر".
لە راگەیێندراوەکەدا کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پارێزگای هەڵەبجەکردووە و رایگەیاندووە، "پێشنیوەڕۆ کاریگەری ئەم شەپۆلە و لێزمەباران و هەورە برووسکە دەگاتە سەنتەری شارەکە و دەوروبەری و کاریگەرییەکەی تاوەکو ئێوارە بەردەوام دەبێت".
لەو راگەیێندراوەدا باس لە چەند شارێکی دیکە کراوە و راگەیێندراوە، تاوەکو پێش نیوەڕۆ بارانبارین لە باشووری چەمچەماڵ، سەنگاو و قادر کەرەم بارانبارین بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەراورد بە دوێنێ، ئەمڕۆ پلەی گەرما 4 بۆ 6 پلەی سیلیزی دادەبەزێت و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان لەشەودا دەگاتە ژێر سفر.
لەبارەی کەشوهەوای سبەی سێشەممە، کەشناسیی دەڵێت، بارانبارین بەشێوەی نمەباران بەردەوام دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفر دەبارێت.
لەبارەی کۆتاییهاتنی ئەم شەپۆلەی بارانبارین کە لە دوێنێوە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، کەشناسی ئاماژەی بەوەکردووە، شەوی سێشەممە کاریگەری شەپۆلەکە کۆتایی دێت و ئاسمان بۆ نیمچە هەور و ساماڵ دەگۆڕێت.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ 1 بۆ 3 پلە دادەبەزێت و لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر؛ 16 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 13 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 12 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 17 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 14 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 13 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 19 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 0 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 8 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ