کەمئاوى گوندنشینانى زیقار ناچار بە کۆچکردن دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی وشکبوونی چەمى ناسریە لە پارێزگاى زیقار و وشکەساڵى، گوندەکانى دەوروبەرى چەمەکە چۆڵ کراون؛ تەنیا چەند گوندنشینێک بە ناچاری ماونەتەوە، ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوانیش جێیدەهێڵن.
 
هاووڵاتییەکى گوندى شوێلات لە ناسریە دەڵێت، "بەخودا نامێنینەوە، ئەگەر دۆخەکە ئاوها بێت نامێنمەوە، هەموو مەڕ و ماڵاتمان مردار بوون، ئیدى بۆ کوێ بڕۆین؟ وا بڕوات هەموومان دەمرین."
 
بێ ئاوى ئەو گوندانەى چۆڵکردووە کە دانیشتووانى بژێوییان لەسەر ئاوى چەمەکان بووە، ئەوان کۆچیان بۆ ناوەندى شارەکان کردووە. زیاتر لە ساڵێکە بەهۆى کەمبارانى و گۆڕانى کەشوهەواوە زۆربەى چەم و رووبارەکانى زیقار وشک بوون، بیرى قووڵ تاکە هیواى گوندنشینەکانە.
 
خالید مەتشەر، هاووڵاتیى ناسریە ئاماژە بەوە دەکات، "ئاومان نییە، سامانى ئاژەڵ بە شێوەیەکى گشتى کۆتاییهات، دانیشتووانەکە چى بکەن؟ کۆچیان کرد بۆ دەرەوەى شارەکە، بۆئەوەى بە پارەیەکى کەم کار بکەن کە جێگەى هیچ ناگرێت."
 
لە هۆڕەکانى زیقار، بەهۆى کەمبوونەوەى ئاو، رێژەى سوێرییەکەى بەرزبووەتەوە، گوندنشینەکان ناچارن بە بەلەمەکانیان چەندین کیلۆمەتر ببڕن بۆئەوەى ئاوى شیاو بۆ ئاژەڵەکانیان بهێنن.
 
هیشام موراد، هۆڕنشین باس لەوە دەکات، "ئاو کەمیکردووە، بەهۆیەوە ئاوى چەمەکان سوێر بوون، ناچارین ئاو بگوێزینەوە، چوار بۆ پێنج کیلۆمەتر بە بەلەمەکانمان دەبڕین، ئاوەکە دادەنێین بۆئەوەى گامێشەکانمان بیخۆنەوە، ئەگەر ئەوان لە هۆڕەکان دووربکەونەوە مردار دەبن."
 
رووباى فورات سەرچاوەى سەرەکیى چەم و ئاوى هۆڕەکانى زیقارە، کە لە سەرچاوەکەیەوە، کە تورکیایە، ئاوەکەى بە رێژەى زیاتر لە 70% کەمیکردووە، بەهۆیەوە دانیشتووانى گوندەکانى بەدواى بژێویى ژیاندا کۆچ دەکەن.
 
حەیدەر سەعدى، راوێژکارى پارێزگارى زیقار بۆ کاروبارى هاووڵاتییان دەڵێت، "ئەو دۆسیەیە دەگاتە ئاستى کۆمەڵکوژى، ئەمە لە دۆسیەى هەڵەبجە دەچێت، بەو پێیەى پرسەکە پەیوەندیدارە بە پرسی وێرانکارى کە ناوچەیەکى زۆر ئێستا بەدەست کەمیى ئاوەوە دەناڵێنێت، ئەوە کاریگەریى دەبێت لەسەر دیمۆگرافیى دانیشتووانى پارێزگاى زیقار."
 
بەگوێرەى ئامارەکانى بەڕێوەبەرایەتیى کشتوکاڵى زیقار، بەهۆى وشکەساڵییەوە، 4000 گامێش مرداربوون و 98%ى سامانى ماسی لەنێوچوون و 1500 خێزانی بەخێوکارى گامێش گوندەکانیان چۆڵکردووە.