خوێندکارێکی زانکۆی گەرمیان: پێمان خۆش نییە رێگە دەگرین، بەڵام ناچارین
رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە خۆپێشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنی دەرماڵە لە گەرمیان بەڕێوەچوو. خوێندکارانی زانکۆ دوای دوو هەفتە لە خۆپێشاندان رێگەی کەلار - سلێمانییان داخست.
خۆپێشاندەران رێگەیان نەدا هیچ ئۆتۆمبێلێک هاتووچۆ بکات و جار جار گرژی لە نێوان شۆفێر و خوێندکاراندا دروست دەبوو.
بیلال محەممەد، خوێندکارێکی زانکۆی گەرمیانە و دەڵێت: پێمان خۆش نییە رێگەمان گرتووە، بەڵام ناچارین شتەکە وایلێهات کە حکومەت بەدەم داواکاریی خوێندکارانەوە نەهات چەند رۆژە ئێمە داوای مافی خۆمان دەکەین ناچاربووین کە بازنەی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان فراوانتر بکەین رێگەی سەرەکی کەلار - سلێمانی بگرین کە رێگەیەکی سەرەکییە بۆ جوڵەی بازرگانی.
سوهەیب فەرەیدوون، خوێندکارێکی دیکەی زانکۆی گەرمیانە و گوتی: ئێمە هەفتەی پێشووتریش خۆپێشاندانمان کرد، بەڵام ئەم حکومەتە هیچ گوێی لە ئێمە نەگرت و بەردەوامین تاوەکو جوابمان بدەنەوە و یاسایەک دەربکرێت بۆ بەیاساییکردنی دەرماڵە.
نیگار ملکۆ، خوێندکارێکی زانکۆی گەرمیانە و دەڵێت: کۆمەڵێک خەرجیمان هەیە مانگانە دەرماڵە هەر هیچ نەبێت بەشێک لە پێداویستییەکانمان کەم دەکاتەوە.
زیاتر لە سێ کاژێر رێگەی هاونیشتمانییان بە هەردوو ئاراستەی کەلار - سلێمانی داخرا. ئەحمەد کەریم، سەرنشینێکە و دەڵێت: بۆ سلێمانی دەڕۆم بۆ نۆرینگە دەبێت کاژێر دوو لەوێ ئامادەبن خۆپێشاندەرانیش داواکارییان رەوایە، بەڵام حکومەت جێبەجێی ناکات.
سۆنیا غەریب، خوێندکارە لە کۆلێژی تەکنیکی زانستە پراکتیکییەکانی هەڵەبجە و گوتی: ئەوە بۆ ماوەی سێ هەفتەیە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنمان کردووە و دەستمان کردووە بە خۆپێشاندان؛ داواکاریی ئێمە روونە داوای دەرماڵە دەکەین.
ئەژی ئازاد، خوێندکارە لە کۆلێژی تەکنیکی زانستە پراکتیکییەکانی هەڵەبجە و دەڵێت، "ئێمەی خوێندکار سەرەتاییترین مافمان بۆ دابین نەکراوە ساڵی رابردووش بۆ داواکردنی دەرماڵە خۆپێشاندانمان کرد و پێیانداین. دەڵێین: بۆچی هەموو ساڵێک چەند هەفتەیەک پرۆسەی خوێندن پەکی بکەوێت بۆ ئەوەی ئێمە مافەکانمان پێبدرێت کە سەرەتایترین مافی خۆمانە."
خوێندکارانی زانکۆکانی گەرمیان، سلێمانی و هەڵەبجە بڕیاریانداوە، بەردەوامی بە خۆپێشاندان و بایکۆتی خوێندن بدەن تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت.