100 ‎قوتابی قوتابخانە و ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆ لە خۆپێشاندانەکانی ‏سلێمانی بریندار دەبن

20-11-2022
هۆرڤان رەفعەت
خۆپێشاندانی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی
خۆپێشاندانی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ‎ ‎

دوای هەفتەیەک لە راگرتنی دەوام بۆ کۆتایی هێنان بە خۆپێشاندانەکانی ‏خوێندکاران، جارێکی دیکە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، ‏راپەڕین و چەمچەماڵ لەگەڵ یەکەم رۆژی دەوام دەستیان بە خۆپێشاندان کردەوە‎. 
 
خوێندکارێکی زانکۆی سلێمانی، کە بەشداری لە خۆپێشاندانەکان دەکرد بە ‏رووداوی گوت: "یەکەم داواکاریی ئێمە گەڕاندنەوەی دەرماڵەیە بۆ خوێندکاران. ‏دووەم داواکاریی کەمکردنەوە و لابردنی کرێی پارالێڵە بۆ ئەو خوێندکارانەی بە ‏پارالێڵ دەخوێنن‎." 
 
خوێندکارێکی دیکەی زانکۆی سلێمانی کە فلێکسێکی بەرز کردووەتەوە و ‏نووسیوویەتی، "بەڵی بۆ دەرهێنانی دەستی حیزب لە زانکۆ" بە رووداوی گوت: "دەستی ‏حیزب زۆر بەجیدی لەناو زانکۆکاندایە بۆیە داوای دەرهێنانی ئەو دەستە دەکەین، ‏خوێندکار هەیە لەبەر ئەوەی لە حیزبێکی دیاریکراوە دەوام ناکات و دواتر یەک ‏رۆژ دێتە دەوام کە رۆژی تاقیکردنەوەکانە، ئاخر ئەوە چ خوێندنێکە کە ئاوها ‏بێت؟"
 
خوێندکارێکی دیکەی زانکۆی سلێمانی گوتی: "ئەو داواکارییانەی ئێمە داوای دەکەین، ‏پێویستە حکومەت زۆر بەخێرایی جێبەجێیان بکات، چونکە مافی خۆمانە، بەڵام ‏لەبری ئەوەی داواکانمان جێبەجێ بکرێت، چوون هێزیشیان هێناوەتە ‏بەرامبەرمان‎." 
 
‎خوێندکارەکان ویستیان بەرەو بینای پارێزگای سلێمان بچن، بەڵام هێزە ‏ئەمنییەکان بە تووندی رووبەڕوویان بوونەوە. ‎بە گولـلەی پلاستیکی و گازی فرمێسکڕێژی پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان، جگە ‏لە خوێندکارەکان، تیمی تۆڕی میدیایی رووداویش بەرکەوتن. 
 
خوێندکارێکی دیکەی زانکۆی سلێمانی باسی لەوە کرد: "ئێمە دەمانەوێت ‏بەشێوەیەکی مەدەنی بچینە سەر شەقام و خۆپێشاندان بکەین هەر بۆیە ئەو هێزە ‏ئەمنییانە هاتوونەتە بەردەممان تا رێگریمان لێبکەن و ئاومان پێدابکەن و وابکەن ‏کاردانەوەمان هەبێت‎." 
 
وەک خوێندکارێکی زانکۆی سلێمانی دەڵێت: "ئێمە دەمانەوێت وەکو کۆمەڵێک خەڵکی ‏مەدەنی، بچین بەرەو بازاڕ یان بەردەم دادگە لە زانکۆی خۆمانەوە و ‏خۆپێشاندانێکی مەدەنییانە بکەین و کەسمان شەڕ ناکەین و تەنها قەڵەممان پێیە‎." 
 
لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی خوێندکاران، دووان لە گازە فرمێسكڕێژەکان کەوتنە ‏نێو قوتابخانەی دیاری بنەڕەتی، لە ئەنجامیشدا 100 قوتابی بنەڕەتی برینداربوون ‏و تووشی تەنگەنەفەسی بوون و بەشێکیشیان گەیێندرانە نەخۆشخانە. 
 
جگە لە قوتابی و خوێندکارانیش ئەو هاونیشتمانییانەی بەو رێگەیەدا دەڕۆیشتن ‏بەر گازی فرمێسکڕێژ کەوتن‎. 
 
شنۆ نامیق، هاونیشتیمانییەکی سلێمانییە و بە رووداوی گوت: "من بۆ کارێک دەچوومە ‏مۆڵێک بەڵام ئەو گازە فرمێسک رێژەیان گرتە خوێندکارەکان و ئێمەش ‏بەرکەوتین، ئەوەندەی نەمابوو بخنکێین." 
 
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، پێویستیان بە پێنج ملیار دینار هەیە بۆ هەر ‏مانگێک تاوەکو پارەی دەرماڵەی خوێندکاران بدەن، بەڵام هێشتا ئەنجوومەنی وەزیران ‏بڕیارەکەی بۆ خوێندنی ئەمساڵ پەسند نەکردووە‎. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نزیکەی 70 هەزار پەنابەری رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە کەمپی دۆمیز دەمێننەوە.

دانیشتووانی کەمپی دۆمیز لە گەڕانەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان دوودڵن

کەمپی دۆمیز لە پارێزگای دهۆک نزیکەی 70 هەزار پەنابەری رۆژئاوای کوردستان و سووریا تێیدا دەمێننەوە. 20 رۆژە سووریا لە ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد نەماوە، بەڵام کوردانی دانیشتووی کەمپی دۆمیز لە گەڕانەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان دوودڵن.