سوپای پاسداران و پۆلیسی ئێران لەنێو شاری مهاباد نمایش دەکەن

21-11-2022
رووداو @Rudawkurdish
هێزەکانی ئێران لەنێو مهاباد
هێزەکانی ئێران لەنێو مهاباد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسداران و پۆلیسی ئێران لەنێو شاری مهاباد نمایش دەکەن؛ هێزێکی زۆر لە ورمێ و شارەکانی دیکەوە براوەتە مهاباد بە ئامانجی سەرکوتی خۆپێشاندانەکان، بەڵام ئەو نمایشەش سەری نەگرت. رۆژی یەکشەممەش خۆپێشاندان بەردەوام بوو و خۆپێشاندەران سەنگەریان لێداوە.
 
دانیشتوویەکی مهاباد دەڵێت، "لێرە دۆخەکە زۆر خراپە. بۆ هاندانی ئێمە بەیانی زوو لە نانەواخانە تەقەیان لە ژن و منداڵ کردووە. هێلیکۆپتەریان هێناوە. دەڵێن تانکیشیان هێناوە، بەڵام من هێلیکۆپتەرم بە چاوی خۆم بینی. تەواوی ئۆتۆمبێل و ماڵی خەڵکیان تێکداوە. ئێمە بەدەستی بەتاڵ ناڕەزایی دەردەبڕین و هیچ چەکێکمان پێ نییە. ئەوە بانگەشەیە کە دەڵێن چەکمان پێیە. تەنیا بەردمان پێیە. دیسانیش لێمان دەترسن."
 
هێزێکی زۆری سوپای پاسداران و چەکدارانی کوردی سەر بەو هێزە لەنێو شاری مهاباد و بەتایبەت گەڕەکەکانی مەنبەع، باخی شایگان، پشت تەپ و گۆڕەپانی ئیستقلال جێگیر کراون. کارەبای ئەو گەڕەکانە تاوەکو نزیکەی کاژێر 12:00ی نیوەڕۆی رۆژی 20-11-2022 بڕابوو.
 
جەلال مەحموودزادە، پەرلەمانتاری مهاباد لە نامەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت، لە سێ رۆژی رابردوودا لە شاری مهاباد چەندین گەنجی بێتاوان کوژراون و بریندار کراون و زیانی زۆری ماددی بە خەڵک گەیێندراوە.
 
شەوی رابردوو لە چەند گەڕەکێکی مهاباد بە هەڕەمەکی تەقە لە ماڵی خەڵک کراوە و شووشەی دەیان ماڵ و دووکان بە تەقەی هێزەکانی ئێران شکێندراون.
 
خۆپێشاندەرانی مهاباد دەڵێن، حکومەت بۆ ئاژاوەنانەوە لەنێو خەڵک، لە سەرکوتی خۆپێشاندانەکانی ئەو شارەدا زیاتر لە چەکدارانی هۆزی مەنگوڕ کەڵک وەردەگرێت.
 
رۆژی یەکشەممە ریش سپی و سەرۆک هۆزەکانی مەنگوڕ خۆیان لەو چەکدارانەی بەرەنگاری خەڵک دەبنەوە، بێبەری کرد و رایانگەیاند، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی یەکڕیزی و ئاسایشی خەڵکی مهاباد بە ئامانجی نانەوەی ناکۆکی رەتدەکەنەوە و رێگە نادەن هۆزی مەنگوڕ بخرێتە بەرەی بەرامبەر خەڵک.
 
رۆژی یەکشەممە لە چەندین شاری رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پشتیوانی لە مهاباد مانگرتنی گشتی بەڕێوەچوو. لە تاران لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا و زانکۆکانی تەورێزیش دروشمی پشتیوانی لەو شارە گوترایەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

پۆلیسی سلێمانی: لەسەر گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێك کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ دەستگیركرا

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبارێك کە کارمەندە لە فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆ، دەستگیركرا و رادەستی هێزەكانی پۆلیس كرا.