هێزێکی زۆر لەنێو مهاباد جێگیرکراوە و رێگە نادرێت خەڵک بچنە دەرەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئێران هێزی سەربازیی زۆری لەنێو شاری مهاباد جێگیر کردووە و رێگە نادات خەڵک لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە و زیانێکی زۆریشی بە ماڵی خەڵک گەیاندووە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە مهابادەوە بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتووە، هێزێکی زۆری سوپای پاسداران و چەکدارانی کوردی سەر بەو هێزە لەنێو شاری مهاباد و بەتایبەت گەڕەکەکانی مەنبەع، باخی شایگان، پشت تەپ و گۆڕەپانی ئیستقلال جێگیر کراون و پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە رێگەیان نەداوە خەڵک لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە.
 
هاونیشتمانییەک لە مهاباد بە رووداوی راگەیاند، "تەنانەت رێگە نەدراوە خەڵک بۆ وەرگرتنی نانیش لە ماڵەوە بێنە دەرەوە. هەر کەس لە ماڵ هاتووەتە دەرەوە، ناچاریان کردووە بگەڕێتەوە."
 
شەوی رابردوو حکومەت کارەبای چەند گەڕەکێکی شاری مهابادی بڕی کە خۆپێشاندان و ناڕەزاییان تێدا بەڕێوەدەچوو. کارەبای گەڕەکەکانی مەنبەع، باخی شایگان و پشت تەپ تاوەکو نزیکەی کاژێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە بڕابوو.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، شەوی رابردوو لە گەڕەکەکانی تەپەی قازی، فەجر، رۆناس، مەنبەع، باخی شایگان و پشت تەپی مهاباد هێزەکانی ئێران بە کڵاشینکۆڤ تەقەیان لە ماڵ و دووکانی خەڵک کردووە و شووشەی دەیان ماڵ و دووکان بە تەقەی هێزەکانی ئێران شکێندراون.
 
جەلال مەحموودزادە، نوێنەری مهاباد لە پەرلەمانی ئێران لە نامەیەکدا بۆ عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران زیانگەیاندن بە ماڵی خەڵک لەو شارە لەلایەن هێزەکانی ئێران پشتڕاستدەکاتەوە و دەڵێت، دۆخێکی "زۆر تایبەت و نالەبار" لەو شارە هەیە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ژمارەیەک هاونیشتمانی لە مهاباد لە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکاندا بە تەقەی هێزەکانی ئێران بریندار کراون و لە ترسی ئەوەی دەستبەسەر دەکرێن، ناوێرن بچنە نەخۆشخانە.
 
ئەمڕۆ لە شاری مهاباد دووکان و بازاڕەکانی ئەو شارە بە تەواوی داخراون. هەروەها بەپێی ئەو بانگەوازانەی بۆ پشتیوانی لە مهاباد بڵاوکرابوونەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە لە شارەکانی دیکەش وەکو سنە، مەریوان، تیکاب، شنۆ، بانە، بۆکان، سەقز، پیرانشار، پاوە، کامێران، جوانڕۆ و چەندین شاری دیکە مانگرتنی گشتی بەڕێوەچووە و هاونیشتمانییان دووکان و بازاڕیان نەکردووەتەوە.