رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات -پەیەدە رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەیاندا، هەر لە شەهبا-وە تاوەکو دەگاتە قەندیل، چەندین بنکە و پێگەیان کردووەتە ئامانج.
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات -پەیەدە بە ئاژانسی فوراتنیوز "ANF"ی راگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا هەموو شوێن و بنکە و پێگەیان کردووەتە ئامانج، هەر لە شەهباوە تاوەکو دەگاتە قەندیل بە چڕی بۆردوومان کراوە.
ساڵح موسلیم گوتی: "فاشیزمی تورک دوا هەناسەکانی دەدات، بۆیە ئەستەمە بزانیت چ هەنگاوێک دەنێت. هێرش و وێرانکاری و خاپوورکردن بەشێک دەبێت لەو کارانەی دەستی بۆ دەبات، چونکە ناچارە ئەمە بکات. پیلانگێڕی ئیستەنبووڵ سەرینەگرت هەموو ئەو شتانەی مەبەستی بوو نەیپێکا و هەموو جیهان دەزانێت سۆیڵو [وەزیری ناوخۆی تورکیا] چ پلانێکی قێزەونی داڕشتووە".
ساڵح موسلیم پێیوایە تەقینەوەی شەقامی ئیستیقلال "پیلانێک" بوو بۆ دژایەتیکردنێکی نوێی ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان و گوتی: "فاشیزمی تورک هەموو کات دوژمنی کورد بووە. بەهێرشە تیرۆریستییەکانییەوە مەبەستیەتی کوردستان چۆڵ بکات، بەڵام کورد، شار و شارۆچکە و گوندەکانیان چۆڵ ناکەن".
هاوسەرۆکی پەیەدە راشیگەیاند، نازانن دوای ئەم ئۆپەراسیۆنە ئاسمانیانە، ئۆپەراسیۆنی زەوینی نوێ دەکرێت یان هەر بەمە دەوەستن و گوتی: "ئەگەر هێرشی زەمینی دەستپێبکات، کورد جگە لە بەرگریی لەخۆکردن هیچ چانسێکی دیکەی نابێت".
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بەناوی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی چنگ - شمشێر" لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان لە دژی پەکەکە و هەسەدە راگەیاند و بڵاویکردووەتەوە، "بەمەبەستی لەناوبردنی تیرۆریستانی پەکەکە/کەجەکە/یەپەگە و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانمان و وشککردنەوەی سەرچاوەکانی هەڕەشە لە دژی گەل و ئاسایشمان و لەناوبردنی هەموو ئەو بنکانەی کە بە پیلانەکانیان تورکیا دەکەنە ئامانج، ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی 'چنگ شمشێر'مان دەستپێکرد".
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دواتر لە توویتێکیدا نوسیوویەتی "کاتی لێپرسینەوەیە.. ناپاکەکان باجی هێرشەکانیان بۆ سەر خاکمان دەدەن" و گرتەی ڤیدیۆیی بەئامانجکردنی چەند پێگەیەکی پەکەکە و هەسەدەی بڵاوکردەوە بەبێ ئاماژەدان بە شوێنی ئۆپەراسیۆنەکە.
رۆژی 18ی تشرینی دووەمی 2022، کۆنسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر هۆشداری بە ئەمریکییەکان دا دووربکەونەوە لە ناوچە سنوورییەکان بەهۆی ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لەم ناوچانەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ