خەڵاتی 'فرسەت سۆفی' بەخشرایە عەریزەنووسێک کە 35 هەزار دۆلاری بۆ خاوەنەکەی گەڕاندبووەوە


رووداو دیجیتاڵ

خەڵاتی دادپەروەری و دەستپاکیی "فرسەت سۆفی" بەخشرایە برایم حوسێن، عەریزەنووسێكی بەردەم سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، ماوەیەک پێش ئێستا 35 هەزار دۆلار لە شوێنی کاری عەریزەنووسەکە بە جێماوە و ئەویش پارەکەی بردووەتە شارەوانیی هەولێر و گەڕاندوویانەتەوە بۆ خاوەنەکەی.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ 20-11-2021 لە رێوڕەسمێکدا بۆ دابەشکردنی خەڵاتی "فرسەت سۆفی" رایگەیاند، ساڵانە لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی فرسەت سۆفی، پارێزگاری پێشووی هەولێر خەڵاتی دەستپاکی و دادپەروەری بەسەر یەکێک لە فەرمانبەر و کارمەندەکانی سنووری پارێزگاکە دابەشدەکەن.
 
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ئامانجیان لە دابەشکردنی خەڵاتە ئەوەیە کە یادی فرسەت سۆفی بە "زیندوویی" رابگرن، کە "تەمەنێکی کەم ژیا، بەڵام سێ بەشی ژیانی خۆی لە پێناو دوو ئامانجی گەورە کردە قوربانی بۆ چاکسازی و دەستپاکی".
 
خەڵاتەکە بڕوانامەیەک و بڕێک پارە لەخۆدەگرێت کە وەکو پارێزگاری هەولێر دەڵێت، لەلایەن منداڵەکانی فرسەت سۆفییەوە پێشکێشی عەریزەنووسەکە کراوە.
 
رۆژی 18-11-2020، د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری پێشووی هەولێر، دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە نەخۆشخانەیەکی تورکیا کۆچی دواییکرد.
 
رۆژی 07-11-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی دانانی بەردی بناخەی قوتابخانەیەک لە گوندی کۆری گوتارێکی پێشکێشکرد و داوای لە ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە کرد کە بە بۆنەی نزیكبوونەوەی‌ ساڵیادی كۆچی دوایی فرسەت سۆفی، پارێزگاری پێشووی هەولێر یه‌كێك له‌و قوتابخانانه‌، به‌ناوی فرسه‌ت سۆفییەوە بکرێت.