بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە هەشت منداڵی کەمپی ئاشتی لە عەربەت برینداردەبن

 
رووداو - هەولێر 

ئێوارەی ئەمڕۆ رووداوێکی هاتووچۆ لە سنووری شارۆچکەی عەربەت روویدا و بەهۆیەوە هەشت منداڵی کەمپی ئاشتی برینداربوون کە لەنێو مینی پاسێکدا بوون. 
 
کاروان حەمە سدیق، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر رێگەی عەربەت روویداوە، کاتێک مینی پاسێک لە کەمپی ئاوارەکانی عەربەتەوە ویستوویەتی بچێتە ئەوبەری رێگەکە، لەگەڵ ئۆتۆمبێلێكی تۆیۆتا پێکیانداداوە".
 
بە گوتەی گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی، لە رووداوەکەدا هیچ کەسێک گیانی لەدەستنەداوە، بەڵام هەشت منداڵ برینداربوونە و برینەکانیشیان سووکە.
 
کاروان حەمە سدیق ئاماژەی بەوەشکرد، بریندارەکان منداڵی کەمپەکەن و بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن گواستراونەتەوە، لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.