محەممەد حاجی مەحموود: پێویستمان بە پەرلەمانە، چونکە دایکی هەموو بڕیارەکانە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت، "پێویستە بە دەنگدان جارێکی دیکە رەوایەتی بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، حکومەت و قەبارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان." گوتیشی، "پێویستمان بە پەرلەمانە، چونکە لە هەرێمی کوردستان دایکی هەموو بڕیارەکانە."
 
کاژێر 07:00ی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 20-10-2024 بنکەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرانەوە و پرۆسەی دەنگدانی گشتی دەستیپێکرد، کە تاوەکو کاژێر 06:00ی ئێوارە بەردەوام دەبێت. محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دوای دەنگدان قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند، "پێویستە خەڵک بچێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بۆ چارەنووسی میلـلەت و وڵاتی خۆمان دەنگ بدەن."
 
محەممەد حاجی مەحموود ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستا پێویستمان بە پەرلەمانە، چونکە لە هەرێمی کوردستان دایکی هەموو بڕیارەکانە، یاسا دەردەکات، حکومەت پێکدەهێنێت و رەوایی بە قەبارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەدات."
 
یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 1992 پێکهێندرا، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، "هەڵبژاردنی ئەمجارە لە ساڵی 1992 گرنگترە، چونکە ئێستا [دادگەی فیدراڵی لە] بەغدا پەرلەمانی هەڵوەشاندووەتەوە، پێویستە جارێکی دیکە رەوایەتیی بۆ بگەڕێتەوە و لە رێگەی پەرلەمانەوە رەوایەتی بۆ حکومەت و قەبارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە."
 
محەممەد حاجی مەحموود ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرجەم هێزە سیاسییەکان لەسەر خاڵێک هاوڕاین کە دوای هەڵبژاردن پێویستە لە یەک هۆڵدا کۆببینەوە و بڕیار لە دروستکردنی حکومەتێکی نوێ بدەین."
 
1266 بنکە بۆ دەنگدانی گشتی دەنگیان تێدا دەدرێت؛ لە هەولێر 498 بنکە، لە سلێمانی 477 بنکە، لە دهۆک 264 بنکە و لە هەڵەبجەش 27 بنکە بۆ ئەم هەڵبژاردنە کراوە دەبن.
 
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ملیۆنێک و 15 هەزار و 888 کەس کارتی بایۆمەتریان کردووە و مافی دەنگدانیان هەیە، بە لێدەرکردنی ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت، کۆی ئەوانەی دەمێننەوە و مافی بەشداریان لەم دەنگدانەدا هەیە، دەکاتە 925 هەزار دەنگدەر و 797 دەنگدەر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە