ئاسایشی هەولێر بۆ هاونیشتمانیان: تەقەی خۆشی قەدەخەیە

20-10-2024
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتال

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەڵێت، دوای کۆتاییهاتنی دەنگدان، تەقەی خۆشی بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەر کەسێک پابەند نەبێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرنەبەر و دەستگیر دەکرێت. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ی تشرینی یەکەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئاگاداری گشت هاووڵاتیانی خۆشەویست و لایەنەکان دەکەینەوە، دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان لە شاری هەولێر و دەوروبەری، بە شێوەیەکی هێمن و دوور لە هیچ گیروگرفتێک، بە مەبەستی خۆشی دەربڕین، بە هەموو شێوەیەک تەقەکردن قەدەخەیە و رێگەپێدراو نییە".  
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئاماژە بەوەش دەکات، "هەر کەسێک پابەند نەبێت و  سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرینەبەر و دەستگیر دەکرێت؛ بۆیە داواکارین لە هەموو لایەک پابەندی پاراستنی هێمنی و سەلامەتی هاوشاریانی خۆشەویست بێت". 
 
کاژێر 7ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد و کاژێر 6ی ئێوارەش کۆتاییدێت. 
 
پەرلەمانی کوردستان 100 کورسی هەیە، پێنجی بۆ کۆتاکانە و 95 کورسییەکەی دیکەی بەسەر چوار بازنەدا دابەشکراون؛ بازنەی سلێمانی 36 کورسی، بازنەی هەولێر 32 کورسی، دهۆک 24 کورسی و هەڵەبجەی شەهیدیش 3 کورسی گشتییان هەیە. کۆتاکان یەکێکیان بۆ دهۆکە و هەریەکە لە هەولێر و سلێمانیش دوو کورسی کۆتایان هەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە