نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو ژنە نیڤشکانەی چاڵێنجی کردبوو: تۆ لە منت بردەوە، پیرۆزت بێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی تەلەفۆنیی بە ئافرەتێکی نیڤشکانەوە کرد کە چاڵێنجی کردبوو و پێی گوت "تۆ لەمنت بردەوە، پیرۆزت بێت."
 
ئەو ئافرەتە ناوی ئاوات ئازادە و پێشتر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان چاڵێنجی کردبوو، کە ئەگەر یەکەم کەس دەنگ بدات، ئۆتۆمبێلێکی بۆ دەکاتە دیاری.
 
ئاوات ئازاد دوای دەنگدانی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تەلەفۆن قسەیان کرد. نێچیرڤان بارزانی لە پەیوەندییەکەدا بە ئاوات دەڵێ، "تۆ بردتەوە. دەزانی بۆ؟ من لە بنکەیەکم ئامێرەکان کاریان نەدەکرد، ئەگەرنا نەتدەبردەوە. ئێستاش لەمنت بردووەتەوە، پیرۆزت بێت."
 
نێچیرڤان بارزانی هەر لە پەیوەندییەکەدا هەروەها دەڵێ "من، بەیانی هەڵسام و گوتم دەبێت ئیلا لێی ببەمەوە، بەڵام تۆ بردتەوە، تۆ شانست هەبوو ئەگەر ئەو ئامێرە کاری کردبا، من دەمبردەوە."
 
 ئاوات ئازادیش لە پەیوەندییەکەدا دەڵێ "بەیانیت باش قوربان، پیرۆزە چاڵێنجی ئێمە و سەرکەوتنمان. راستی من ئەمشەو نەخەوتووم و لە 04:15 بەیانی لە ماڵ دەرچووم و هاتمە بەر دەرگەی دەنگدان. هەمووجار دەیبەمەوە چونکە دڵسۆزم."
 
دوای تەواوبوونی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، ئاوات ئازاد قسەی بۆ ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو لە سۆران کرد و گوتی، "زۆر سوپاسی کاک نێچیرڤان دەکەم کە ئەو چاڵێنجەی منی قبوڵ کرد، ئەوە بۆ من شانازی و سەربەرزییە، کە ئازیزی کوردستان، رێزدار نێچیرڤان بارزانی خۆشەویستی کوردستان چاڵێنجی منی قبوڵ کرد."
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2024) کاژێر 07:00ـی بەیانی؛ دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد، کە 2 ملیۆن و 654 هەزار و169 کەس مافی دەنگدایان هەیە.