کوردستان
لای راست: بنکەیەکی دەنگدان لە هەڵەبجە. لای چەپ: ئەرسەلان عابد، رێکخەری تۆڕی شەمس لە هەڵەبجە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخەری تۆڕی شەمس لە هەڵەبجە دەڵێت، هەندێک پێشێلکاریی دەنگدان لە شاری هەڵەبجە دەکرێن و ئاماژە بەوەش دەکات، "هێزێک هەیە نایەوێت خەڵک وەک پێویست دەنگبدات".
ئەرسەلان عابد، رێکخەری تۆڕی شەمس لە هەڵەبجە بە سازگار سەلاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشیلکارییەکانی دەنگدانی گشتی بەراورد بە دەنگدانی تایبەت کەمترن، بەڵام بەکارهێنانی مۆبایل جارێکی دیکە لێرە دووبارە بووەتەوە و رێگەلێنەگرتنی لەلایەن چاودێرانی کۆمیسیۆنەوە یەکێکە لەو دیاردە نەخوازراوانەی کە پێمانوایە یەکێک لە مەرجەکانی دەنگدان کە پاراستنی نهێنیییە، نێوەڕۆکەکەی نامێنێت".
رێکخەرەکەی تۆڕی شەمس گوتیشی، یەکێک لە پێشێلکارییەکانی دیکە کە لە هەڵەبجە دەبینرێت "بوونی هێزێکی زۆر، بەرپرس و پاڵێوراوانی هێزێکی دیاریکراوە لە دەرەوەی بنکەی دەنگدان کە هەوڵی دروستکردنی کاریگەری لەسەر دەنگدەران دەدەن، ئەوەش پێشێلکارییەکی روونی وەزارەتی ناوخۆ و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانە". گوتیشی، "هێزێک هەیە نایەوێت خەڵک وەک پێویست دەنگبدات".
رێکخەری تۆڕی شەمس گوتیشی، "لەنێو بنکەی دەنگدانیش جارجارە کەسانی ناپێویست دەبینرێن کە هەوڵی دروستکردنی کاریگەری لەسەر دەنگدەران دەدەن".
رێکخەری تۆڕی شەمس ئاماژەی بەوەش کرد، پێشێلکاری لەم هەڵبژاردنەدا بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی دیکە زۆر کەمترە و "ئێستا کەس ناتوانێت دووجار دەنگ بدات".
1266 بنکە بۆ دەنگدانی گشتی دەنگیان تێدا دەدرێت: لە هەولێر 498 بنکە، لە سلێمانی 477 بنکە، لە دهۆک 264 بنکە و لە هەڵەبجەش 27 بنکە بۆ ئەم هەڵبژاردنە کراوە دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ