لاهوور شێخ جەنگی: باوەڕم بە سیاسەتی چەپکە گوڵەکە هەیە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە سلێمانی
لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە سلێمانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیستی بەرەی گەل داوا لە هاونیشتمانییان دەکات بەبێ ترس و دوودڵی بچن دەنگ بدەن و، رایدەگەیێنێت، باوەڕی بە "سیاسەتی چەپکە گوڵەکە هەیە و سندووقەکانی دەنگدان وەک ئینجانەی گوڵ وان و هەموو جۆرە گوڵێکیان تێدایە."
 
لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە بنکەیەکی دەنگدان لە سلێمانی دەنگی دا و رایگەیاند، "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە و بۆنەیەکی نیشتمانیی گرنگە. سندووقەکانی دەنگدان وەکو ئینجانەی گوڵ وان و هەموو جۆرە رەنگێکیان تێدایە، ئەمە پرۆسەیەکی دیموکراسییە و من خۆم حەزم بە سیاسەتی چەپکە گوڵەکەیە و پارێزەری ئەو دیموکراسییە دەبم."
 
سەرۆکی لیستی بەرەی گەل هانی خەڵکی دا کە بۆ دیاریکردنی نوێنەرەکانی چوار ساڵی داهاتوویان لەم پرۆسە گرنگەدا بەشداربن، گوتیشی، "بۆ هەموو ئەوانەشی دوودڵن دەڵێم، جوان خۆیان بگۆڕن و ئازادانە و بەبێ ترس لەم پرۆسە گرنگەدا بەشداربن."
 
لەبارەی ئەوەی کە هەندێک لایەن لە هەندێک شوێن گلەییان لە دەنگدانی تایبەت هەبوو، لاهوور شێخ جەنگی گوتی، "سەرەڕای ئەوەی لە دەنگدانی تایبەتدا هەندێک پێشێلکاری روویدا، هیوادارین ئەمڕۆ پرۆسەکە بەبێ کێشە بەڕێوەبچێت و هاووڵاتییان بتوانن ئازادانە دەنگی خۆیان بدەن."
 
دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامە بەراییەکانی دەنگدانی تایبەتی بڵاوکردەوە، رێژەیەکی بەرچاوی دەنگ سووتێندرابوون. لەو بارەیەوە سەرۆکی بەرەی گەل گوتی، "ئێمە ئەوانەی بایکۆت دەکەن بە دەنگی خۆمانیان دەزانین. دەنگە سووتاوەکان زۆربەیان هی ئێمەن و ئێمە پەیوەندیمان بە هێزی پێشمەرگەوە هەیە، نەیانتوانیوە دەنگ بە ئێمە بدەن، چونکە بەرپرسی سەربازییان لەگەڵ بووە و ناچاریان کردوون دەنگ بە لایەنێکی دیاریکراو بدەن، ئەوانیش لە رق و تۆڵەسەندنەوەدا دەنگەکانیان سووتاندووە."
 
لە دەنگدانی تایبەتدا هەندێک لایەن و چاودێر باسیان لەوە دەکرد، رێکارەکان تووندوتۆڵ نەبوون و لە هەندێک بنکەی دەنگدان دەنگدەران مۆبایلیان بردووەتە ژوورەوە و وێنەی دەنگەکانیان گرتووە.
 
لەو بارەیەوە لاهوور شێخ جەنگی گوتی، "بەداخەوە پێموایە پێرێ کۆمیسیۆن تۆزێک دەستی شل کرد بۆ بردنە ژوورەوەی مۆبایل."
 
لەبارەی ئەگەری ساختەکاریشەوە ئەوەی خستەڕوو، "ئەگەر بەڵگەمان لەبەردەستدا بێت کە ساختەکاری هەبێت، بە دڵنیاییەوە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە رەتدەکەینەوە. ئەگەر پرۆسەکە بە دیموکراسییانە بەڕێوەبچێت و ئەنجامەکەی بە دڵی ئێمە نەبێت، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە و بە سندووقەکانی دەنگدان رازیین و قبووڵی دەکەین."
 
سەرۆکی لیستی بەرەی گەل ئاماژەی بەوەش دا، جیاوازیی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە کە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەی دەبات، تاوەکو ئێستا ئەوەی بە ئەوانی راگەیاندووە ئەوەیە، "لەوانەیە بەبێ فرتوفێڵ بەڕێوەبچێت،" هیوایشی خواست بەو شێوازە بێت و گوتی، "پێموایە ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانکاریی ریشەیی دێتە کایەوە."
 
لەبارەی ئەوەی کە دوای هەڵبژاردن و راگەیاندنی ئەنجامەکان ئایا دەچنە حکومەتەوە یان دەبنە ئۆپۆزیسیۆن، لاهوور شێخ جەنگی گوتی: "ناڵێین دەچینە حکومەتەوە یان دەبینە ئۆپۆزیسیۆن یان هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنێکدا دەکەین، ئەمە لێدەگەڕێین بۆ دوای هەڵبژاردن و ئەنجامەکان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە