گوتەبێژی پارتی: بە حیزبی یەکەم و بێڕکابەر دەمێنینەوە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-

رووداودیجیتاڵ

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ''لە کاتێکی هەستیارداین و هەڵبژاردنی پەرلەمان بە گرنگ دەزانین''. گوتیشی، پارتی وەکو هەمیشە بە حیزبی ''یەکەم و بێڕکابەر'' دەمێنێتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 2024/10/20، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای دەنگدان لە یەکێک لە بنکەکانی هەولێر، قسەی بۆ رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، ''ئەم هەڵبژاردنە بە هەڵبژاردنێکی گرنگ و لە کاتێکی هەستیاردا دەبینین؛ چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەستیارییە زیاتریش ببێت.''
 
 
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''بێگومان پێویستیمان بەوەیە نێوماڵی خۆمان بە شێوەیەک رێکبخەین کە بەرگەی هەندێک لەو رووداوانە بگرین کە ئەگەر پەڕینەوە ناوچەی ئێمە بتوانین خۆمان بپارێزین؛ ئێمە لە ناوچەیەکین کە دوور نییە پریشکمان لە رووداوەکان بەربکەوێت.''
 
مەحموود محەممەد بە پێویستی زانی هەمووان بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە لەگەڵ ئەم بابەتە (هەڵبژاردن)دا مامەڵە بکەن، "نەوەک ئەوەی تەنیا بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی لەبەرچاو بگیردرێت.''
 
لەبارەی چۆنیەتیی پێکهێنانی حکومەتی نوێوە ئاماژەی بەوە دا، ''دەمێنێتەوە سەر تێڕوانینی ئەو لایەنانەی کە براوەی کورسییەکان دەبن؛ ئەوەی کە دەیانەوێت چۆن دەسەڵاتداری بکرێت، بە شێوەیەک بەردەوام کێشە هەبێت یان سەقامگیری.''
 
گەتوبێژی پارتی لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، حیزبەکەی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ''یەکەم و بێڕکابەر'' دەبێت و گوتیشی، ''لە ساڵی 1992ەوە یەکەم بووین و هەر بەو شێوەیەش دەمێنینەوە.''
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە