بۆ ئەوەی دەنگەکەت پووچەڵ نەبێت، پێویستە چۆن دەنگ بدەیت؟

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەر دەنگدەرێک بۆئەوەی بتوانێت دەنگ بدات، پێویستە کارتی بایۆمەتریی پێبێت، لەگەڵ کارتەکەدا ناسنامەیەکی دیکەی پێبێت کە بیسەلمێنێت کەسەکە خاوەنی کارتی بایۆمەتریی دەنگدانەکەیە.
 
هەر دەنگدەرێک لانیکەم بە سێ جۆر زانیاریی پشتڕاست دەکرێتەوە کە ئەو کەسە دەنگدەر خۆیەتی دەنگ دەدات.
 
سەرەتا کەسەکە کارتی بایۆمەتریی لێوەردەگیرێت، کارتەکە بە ئامێری وردبینی دەخوێندرێتەوە، هەموو زانیارییەکانی دەنگدەر پیشاندەدات.
 
دوای ئەوەی ئامێرەکە دروستیی کارتی دەنگدانی دەنگدەری سەلماند، پێویستە دەنگدەر پەنجەمۆری ئەلیکترۆنی بکات، ئەو پەنجەمۆرە بۆ ئەوەیە لەو کاتەی کەسەکە بایۆمەتریی کردووە پەنجەمۆری لێوەرگیراوە، ئێستا هەمان پەنجەمۆر بەراورد دەکرێتەوە و دروستی کەسەکە دەسەلمێنێت.
 
هەروەها ناوی کەسەکە، لە لیستی نووسراوی بەردەمی کارمەندانی کۆمیسیۆن هەیە، پێویستە لە بەرامبەر ناوەکەی واژۆ و پاشان پەنجەمۆری کلاسیکی بکات.
 
دوای ئەوەی ئەو پرۆسە کۆتایی دێت، کارمەندی کۆمیسیۆن کاخەزی دەنگدانی پێدەدات، کاخەزەکە بەگوێرەی پارێزگاکان جیاوازە، ناوی کەسەکان و ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە (پارێزگا) جیاوازییەکەی دەردەخات.
 
هەر دەنگدەرێک خۆی بە تەنیا و لە کابینەیەک کە کەس چاوی لێی نییە، دەنگ دەدات؛ لەنێو کابینەی دەنگدان قەڵەمێک هەیە کە مۆری دەنگدانی پێدەکرێت، واتە هیچ قەڵەمێکی دیکە نابێت بەکاربێت جگە لەو قەڵەمەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دایناوە بۆئەوەی دەنگی پێبدەیت.
 
هەر دەنگدەرێک ئەگەر دەنگی بۆ لیست و هاوپەیمانی دا، دەبێت دوو مۆر بدات لە کاخەزی دەنگدان، مۆرێک لە لیست یان هاوپەیمانێتییەکە و مۆرێکی دیکە لە ژمارەی بەربژێرەکە.
 
لەبەردەم لیست و هاوپەیمانی و بەربژێرە سەربەخۆکان چوارگۆشەیەکی نێوبەتاڵی سپی هەیە، پێویستە مۆرەکە لەو چوارگۆشەیە بدرێت، نابێت دوو مۆر لە یەک چوارگۆشە، یان دوو چوارگۆشە هەر یەکەی مۆرێکی لێبدرێت، نابێت مۆر لە ناوی لیست یان هاوپەیمانێتییەکە بدرێت، نابێت مۆر لە ژمارەی هاوپەیمانێتی یان لیستەکە بدرێت.
 
پاش ئەوەی مۆر لە چوارگۆشە سپییەکەی لیستەکە دەدرێت، دەنگدەر یەکێک لە بەربژێرەکان هەڵدەبژێرێت کە بە ژمارە نووسراوە؛ مۆرێکی دیکە دەدات لەو ژمارانەی لە دەستی چەپی لیستەکە هەن، لەوێش تەنیا یەک ژمارە هەڵدەبژێردرێت.
 
ئەگەر دەنگدەر دەنگی دا بە بەربژێری سەربەخۆ، پێویست ناکات دەنگ بە ژمارەکانی لای چەپ بدات، چونکە ئەگەر ئەوەی کرد، دەنگەکە دەسووتێت.
 
دوای مۆر لێدان لە کاخەزی دەنگدان، دەنگدەر لە کابینەکەی دەردەچێت و کاخەزی دەنگدانەکە بە هەڵەوگێڕاوی، واتە نووسینەکان روویان لە خوارەوەیە، دەخاتە نێو سندووقی دەنگدان، کاخەزەکە لەسەر ئامێرەکە دادەنرێت و بۆ خۆی رایدەکێشێت.
 
پاش ئەوەی دەنگدەر دڵنیابوو لەوەی کاخازەکە چووەتە نێو سندووقی دەنگدان، پەنجەی شایەتومانی مۆر دەکات، ئەمەش دوا قۆناخی دەنگدانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە