بۆ ئەوەی بە ئاسانی دەنگ بدەیت، بزانە بۆ دەنگدان چیت پێویستە

 
رووداو دیجیتاڵ

بۆ دەنگدانی پەرلەمانی کوردستان کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆمەڵێک مەرجی داناوە کە بەبێ ئەو مەرجانە دەنگدەر ناتوانێت دەنگ بدات و تووشی گرفت دەبێت.
 
کۆمیسیۆن رایگەیاندووە کە کارتی بایۆمەتریی کۆن کە وێنەی دەنگدەری لەسەر نییە بۆ ئەم دەنگدانە کاری پێناکرێت و دەبێت دەنگدەر کارتی تازەی پێبێت کە وێنەی خۆیی لەسەر بێت. هەروەها دەبێت بەڵگەنامەیەکی فەرمیشی پێبێت، وەک کارتی نیشتمانی، رەگەزنامە یان پاسپۆرت. 
 
هەر دەنگدەرێک بۆئەوەی بتوانێت دەنگبدات پێویستە کارتی بایۆمەتری پێبێت، لەگەڵ کارتەکەدا ناسنامەیەکی دیکەی پێبێت کە بیسەلمێنێت کەسەکە خاوەنی کارتی بایۆمەتریی دەنگدانەکەیە.
 
هەر دەنگدەرێک لانیکەم بە سێ جۆر زانیاری پشتراست دەکرێتەوە ئەو کەسە خۆیەتی دەنگبدات.
 
سەرەتا کەسەکە کارتی بایۆمەتریی لێوەردەگیرێت. کارتەکە بە ئامێری وردبینی دەخوێنرێتەوە، هەموو زانیارییەکانی دەنگدەر پیشاندەدات.
 
دوای ئەوەی ئامێرەکە دروستیی کارتی دەنگدانی کەسەکەی سەلماند، پێویستە دەنگدەر پەنجەمۆری ئەلیکترۆنی بکات. ئەو پەنجەمۆرە بۆ ئەوەیە لەو کاتەی کەسەکە بایۆمەتریی کردووە پەنجەمۆری لێوەرگیراوە، ئێستا هەمان پەنجەمۆر بەراورد دەکرێتەوە و دروستیی کەسەکە دەسەلمێنێت.
 
هەروەها ناوی کەسەکە لە لیستی نووسراوی بەردەمی کارمەندانی کۆمسیۆن هەیە، پێویستە لەبەرامبەر ناوەکەی ئیمزا و پاشان پەنجەمۆر بکات.
 
دوای ئەوەی ئەو پرۆسەیە کۆتایی دێت، کارمەندی کۆمیسیۆن کاخەزی دەنگدانی پێدەدات، کاخەزەکە بەگوێرەی پارێزگەکان جیاوازە، ناوی کەسەکان و ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە (پارێزگە) جیاوازییەکەی دەردەخات.
 
هەر دەنگدەرێک خۆی بە تەنیا و لە کابینەیەک کە کەس چاوی لێی نییە، دەنگ دەدات. لەنێو کابینەی دەنگدان قەڵەمێک هەیە مۆرە، واتە هیچ قەڵەمێکی دیکە نابێت بەکاربێت جگە لەو قەڵەمەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دایناوە بۆ ئەوەی دەنگی پێبدەیت.
 
هەر دەنگدەرێک ئەگەر دەنگی بۆ لیست و هاوپەیمانی دا دەبێت دوو مۆر بدات لە کاخەزی دەنگدان، مۆرێک لە لیست یان هاوپەیمانێتییەکە و مۆریکی دیکە لە ژمارەی بەربژێرەکە.
 
لەبەردەم لیست و هاوپەیمانی و بەربژێرە سەربەخۆکان چوارگۆشەیەکی نێوبەتاڵی سپی هەیە، پێویستە مۆرەکە لەو چوارگۆشیە بدرێت، نابێت دوو مۆر لە یەک چوارگۆشە، یان دوو چوارگۆشە هەر یەکەی مۆرێکی لێبدرێت. نابێت مۆر لە ناوی لیست یان هاوپەیمانێتییەکە بدرێت. نابێت مۆر لە ژمارەی هاوپەیمانێتیی یان لیستەکە بدرێت.
 
پاش ئەوەی مۆر لە چوارگۆشە سپییەکەی لیستەکە دەدرێت دەنگدەر یەکێک لە بەربژێرەکان هەڵدەبژێرێت کە بە ژمارە نووسراوە. مۆرێکی دیکە دەدات لەو ژمارانەی لە دەستی چەپی لیستەکەدا هەن. لێرەش تەنیا یەک ژمارە هەڵدەبژێردرێت.
 
ئەگەر دەنگدەر دەنگی بە بەربژێری سەربەخۆ دا پێویست ناکات دەنگ بە ژمارەکانی لای چەپ بدات، چونکە ئەگەر ئەمەی کرد دەنگەکە دەسووتێت.
 
دوای مۆرلێدان لە کاخەزی دەنگدان، دەنگدەر لە کابینەکەی دەردەچێت و  کاخەزی دەنگدانەکە بە هەڵەوگێڕاوی، واتە نووسینەکان روویان لە خوارەوەیە، دەخاتە نێو سندووقی دەنگدان، کاخەزەکە لەسەر ئامێرەکە دادەنرێت و خۆی رایدەکێشێت.
 
پاش ئەوەی دڵنیا بوو کە کاخازەکە چووەتە نێو سندووقی دەنگدان، پەنجەی شایەتمانی مۆر دەکات، ئەمە دوا قۆناخی دەنگدانە.
 
لەم ڤیدیۆیەدا بۆ دەنگدەر روون کراوەتەوە کە بەر لەوەی بچێت دەنگ بدات دەبێت چی پێبێت تا تووشی گرفت نەبێت.