زانکۆی کوردستان: 95٪ـی دەرچووانمان کاریان دەستدەکەوێت


رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان - هەولێر رایگەیاند، خوێندکارانیان لە نیوەی ساڵی خوێندنەکەیان هەلیکاریان دەستدەکەوێت، بە گشتی 95٪ـی دەرچووانیان خاوەن کارن و دامەزراون. دەشڵێت: "خوێندکارانی ئێمە ئەو دەرفەتەیان هەیە، بەشێکی خوێندنەکەیان لە دەرەوە تەواو بکەن."
 
د. دانا خدر مەولوود، جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان - هەولێر، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە فوئاد رەحیم و جەعفەر موبەشیرنا پێشکێشیان کرد، باسی لە ئاهەنگی خولی 13‌هەمینی دەرچووانی زانکۆکەیان و شێوازەکانی وەرگرتنی خوێندکارانی کرد.
 
ئاهەنگی خولی 13‌هەمینی دەرچووانی زانکۆی کوردستان - هەولێر بەئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە لەو خولەدا بڕوانامەی بەکالۆریۆس بە 282 دەرچوو درا. دوو خوێندکاریش بڕوانامەی دکتۆرایان لە زانستە سیاسییەکان وەرگرت. 
 
جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان - هەولێر گوتی: "لە سەرەتای دامەزراندنی زانکۆی کوردستان - هەولێر ویستمان باری سەرشانی حکومەت کەمبکەینەوە، بەو مانایەی سەرکردە لەبوارەکانی زمان، تەکنەلۆژیا، بەڕێوەبردن پێبگەیێنن، تاوەکو ببنە خاوەن کاری خۆیان."   
 
زانکۆی کوردستان لە ساڵی 2006 لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دامەزراوە، ئێستا نزیکەی دوو هەزار خوێندکار لەم زانکۆیە دەخوێنن. 
 
د. دانا خدر مەولوود، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، هەوڵیان داوە ئەو بوارانەی لە هەرێمی کوردستان هەلیکاریان پێویستە، ئەوان بیخەنە نێو پڕۆگرامەکانی خوێندنیانەوە، تاوەکو خوێندکار دوای دەرچوونی لە زانکۆ راستەوخۆ بتوانێت هەلیکار لەم بوارانە بەدەستبهێنێت.  
 
بەگوتەی جێگری سەرۆکی زانکۆکە، نزیکەی 95٪ـی دەرچووانیان هەلیکاریان دەستدەکەوێت و زۆرینەی دەرچووەکانیشیان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکەن. دەشڵێت: "70%ـی کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دەرچووانی زانکۆی کوردستان - هەولێر کاریان تێدا دەکەن." 
 
خوێندکار لە زانکۆی کوردستان-هەولێر لە سکوڵەکانی پزیشکی، زانست و ئەندازیاری، ئابووری و بەڕێوەبردن و زانستە مرۆڤایەتییەکان بڕوانامەی بەکالۆریۆس وەردەگرێت.
 
د. دانا خدر دەڵێت، هەر دەرچوویەکی پۆلی 12ـی ئامادەیی، خەڵکی هەر بەشێکی کوردستان بێت، دەتوانێت لە زانکۆی کوردستان - هەولێر بخوێنێت، بەو مەرجەی یەکسانکردنی بڕوانامەی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کرابێت. 
 
لەبارەی شێوازی کورس و خوێندنەکانی زانکۆی کوردستان - هەولێر، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، خوێندکارانیان دەرفەتی ئەوەیان هەیە، سیمستەرێک یاخود دوو سیمستەر لە زانکۆکانی دەرەوەی وڵات بخوێنن، دواتر بگەڕێنەوە بۆ زانکۆکەیان و درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن.
 
بۆ ئەم ساڵی خوێندنی ئەکادیمی 2023-2024 خوێندنی باڵا، زانکۆی کوردستان - هەولێر دوو خوێندکاری ماستەر و دکتۆرای لە بواری ژینگە وەرگرتووە. جێگری سەرۆکی زانکۆ دەڵێت، عێراق رووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا بووەتەوە، پێویستە زانکۆکەیان لەم جۆرە پسپۆڕییانە، کە رێگەیەکی دروستە، خزمەتی وڵات بکات.