دوای زیاتر لە نۆ ساڵ کەسوکاری قوربانییانی دەستی داعش لە شنگال چاوەڕوانی گەڕانەوەی خێزانەکانیانن
رووداو دیجیتاڵ
پاش هێرشەکانی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014 کە نزیک دەبێتەوە لە نۆ ساڵ، تاوەکو ئێستا گریان و شینی کەسوکاری قوربانییان بەردەوامە، چاوەڕێی گەڕانەوە و شادبوونەوەن بە ئەندامانی خێزانەکانیان، بەشێکیان رزگاریان بووە بەشێکی دیکەشیان تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
چنار کەلۆ، یەکێکە لە ئەندامانی خێزانی ئەو قوربانییانە، چاوەڕێی هاتنەوەی ئەندامانی خێزانەکەیەتی و بە رووداوی گوت، "برا و دایکی منن، هەردووکیان لە رۆژی 03-8-2014 دەستگیرکران، لەدوای نۆ بۆ 10 ساڵ، هەموو ساڵێک هەستێکی ئەوان بۆ ئێمە دێت، بەڕاستی ئەم رۆژە زۆر ناخۆشە، ئێمە شتێکی ئەوانمان زانیبا یان هەواڵێکیان بزانین، هەرچۆن بێت، هەواڵی خۆش و ناخۆشیش بێت."
عەباس خدر، یەکێک لە رزگاربووەکانی کۆمەڵکوژی گۆڕێکی بە کۆمەڵ کە بە دوو گولـلە بریندار ببوو، باسی چۆنیێتی رزگاربوونی خۆی دەکات و دەڵێت، "کە ئەوان هاتن ئێمە ویستمان سیبا جێبهێڵین، ئەوە رێگەی سەرەکی سیبایە، جگە لەم رێگەیە هیچ رێگەیەکی دیکە نییە، ئۆتۆمبێلەکانیان لەسەر رێگەکە وەستابوو، ئێمەیان گرت و کۆیان کردینەوە، نزیکەی 52 کەس دەبووین، تەقەیان لێکردین و هەموویان رەمی کرد بە تەنیا من لەونێو ئەو کەسانەدا بە برینداری رزگارم بوو، چوومەوە ماڵەوە تاوەکو شەو، دواتر بەرەو چیاکە بەڕێکەوتم."
ئەحمەد قوسەی، سەرۆکی تیمی فەرمانگەی هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی حکومەتی عێراق باسی سستی پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕەکان لەلایەن داد پزیشکی بەغدا دەکات و رایگەیاند، "لە کارەکانی ئێمەدا هاوبەشی لەنێوان ئێمە و دادپزیشکیدا هەیە، ئاشکراکردنی ئەوان پێویستی بە ئامێری تایبەتە، بەرپرسیارێتی گەورە لەسەر ئەستۆی دادپزیشکیە، بەهۆی بوونی رووداوی تەقینەوە و کاری تیرۆریستی سەرباری ئەوانەش کارەکانیان بەردەوامن."
لە 3ـی مانگی ئابی 2014، لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال، 146 هاونیشتمانیی کۆمەڵگەی سیبا بوونە قوربانی تاوەکو ئێستا 76 کەسیان چارەنووسیان نادیارە، 141 کەسیشیان لە دەستی داعش رزگارییان بووە.
لە کۆمەڵگەکە پێنج گۆڕی بە کۆمەڵ و چوار گۆڕی تاکەکەسی هەن، پێشبینی دەکرێت 68 رووفات لەنێو ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانەدا هەبن.