12ـەمین خولی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی کوردستان بەڕێوەدەچێت


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ رێوڕەسمی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی کوردستان - هەولێر بەڕێوەدەچێت. لە رێوڕەسمەکەدا 229 کەس دەبنە خاوەن بڕوانامەی بەکالیۆریۆس و ماستەر.
 
بەیار شەهاب، یەکێک لە دەرچووانە و بەکالۆریۆس و ماستەری لەو زانکۆیە تەواو کردووە. ئەو توانیویەتی ببێتە دەستی کارێکی کارا و هەمیش خوێندنی دکتۆرای لە دەرەوە تەواو کردووە، دەڵێت، "زانکۆی کوردستان کاراکتێرێک دەدات بە قوتابییان و لەگەڵ ئەوەی کە زانستێکی باش رایاندەهێنێت، ئامادەشیان دەکات بۆ چوونە نێو بازاڕی کار. بۆ نموونە ئەو خولانەی کە هاوینان دەیکاتەوە بۆ ئامادەیی بۆ هەلی کار زۆر گرنگن."
 
چرا سەهەند، فەرمانبەری کۆمپانیایەکە و باس لەوە دەکات، "لە زانکۆی کوردستان فێر بووین لەگەڵ ئەوەی کە بڕوامان بەخۆمان هەبێت، کاریشمان دەستبکەوێت و بەسوود بین بۆخۆمان و بۆ کۆمەڵگەش."
 
سرووش عادل، فەرمانبەرێکی دیکەیە لە کۆمپانیا و گوتی، "زانکۆی کوردستان جۆرێک لە متمانەبەخۆبوونت پێدەدات کە ئەوە بۆ داهاتووی ئێمە زۆر گرنگە."
 
12یەمین خولی دەرچوونی قوتابییانی زانکۆی کوردستان- هەولێر بۆ 229  خوێندکار بەڕێوەدەچێت. دەرچووان لەسەر بنەمای زانست و کارامەیی بۆ داهاتوو خوێندنیان تەواو کردووە و دەچنە بازاڕی کار، یانیش بەردەوام دەبن لە خوێندن.
 
گۆڤار کامیل، دەرچووی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی زانکۆی کوردستان- هەولێرە و ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو بنەمایانەی کە زانکۆی کوردستان هەیەتی بۆ پەروەردە لە سەر بنەمای کارامەیی و راهێنانی گەنجانی سەرکردەیە کە لە داهاتوودا بتوانن لەگەڵ هەلیکار و کارکردن ببنە کەسانی بەهێز و سەرکردە بۆ داهاتوویان."
 
زانکۆی کوردستان هەولێر لە چوار سکوڵی زانست و ئەندازیاری- سکوڵی پزیشکی- سکوڵی کارگێڕیی کار- سکوڵی زانستە مرۆییەکان پێکهاتووە. لە 29 بەشدا لە قۆناخەکانی بەکالۆریۆس- ماستەر و یەک بەشی دکتۆرا خوێندکاران لە زانکۆی کوردستان - هەولێر دەخوێنن.