نیگەرانیی بەشێک لە خەڵک لە نرخی نەوتی حکومی؛ کرێکارێک دەڵێت: وەریبگرم دەبێت قەرز بکەم

 
رووداو - چۆمان

خێزانە بچووکەکەی رەسوول عومەر لە قەزای چۆمان، ئەگەر تەنیا یەک ژوور بۆ وەرزی سەرماوسۆڵە گەرم بکەن، نزیکەی 600 لیتر نەوتیان پێویستە. رەسوول عومەر کرێکارە و دەڵێت، تەواوی دەستکەوتی ئەم مانگەی تەنها بەشی کڕینی 200 لیتر نەوتی سپیی حکومی دەکات.
 
رەسوول عومەر، کرێکار ئاماژە بەوە دەکات، "کۆی گشتیی ئەم مانگە کە کرێکاریم کردووە، گەیشتوومەتە 150 هەزار دینار، خێزاندارم و خانووم کرێیە، نەوتەکە داوای 100 هەزار دینار بەرەو سەرەوە دەکات و وەریناگرم، بەرنامەم نەبوو دار ببڕم، بەڵام ناچار کرام پشت بە بڕینی دار ببەستم."
 
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان، دانیشتووانی سنووری قەزای چۆمانی ئاگادار کردووەتەوە لە رۆژی پێنجشەممەوە 20-10-2022 هەر خێزانێک بڕی 102 هەزار و 500 دینار رادەستی بریکارەکانی خۆراک بکات بۆ وەرگرتنی 200 لیتر نەوتی سپی. هەواڵی دابەشکردنی نەوت تاڕاددەیەک زیانە ژینگەییەکانی وەستاندن، بەڵام نرخی نەوتی حکومەت بە دڵی خەڵک نییە.
 
ئەشقی عەباس، مامۆستا دەڵێت، ئەگەر بێتو نرخەکەی دانەبەزێندرێت، "من یەکێک لەو کەسانەم نەوتەکە رەتدەکەمەوە و بەو نرخە نامەوێت."
 
کرێکارێک بەناوی یوسف مینە ئاماژە بەوە دەکات، "با راوەستابان تاوەکو نەوتەکەی حکومەتی عێراق دەهات بە 30 هەزار بوو وەرمان دەگرت." ئارا عوسمانیش کە کرێکارە دەڵێت، "پێم وەرناگیرێت، ئەگەر وەریبگرم دەبێت قەرز بکەم، حکومەتیش رێگە نادات دار ببڕیت، بەڵام ناچارم و هەرچۆنێک بێت دار دەبڕم و دەیهێنم."
 
محەممەد حەسەن بریکاری خۆراکە، 460 خێزان لای ئەو تۆمارن، سێ رۆژە سەرۆک خێزانەکانی ئاگادار کردووەتەوە بۆ پارەی نەوت، بەڵام تەنیا حەوت ماڵ بڕە پارەکەیان پێداوە.
 
ئەو بریکارەی خۆراک دەڵێت، "پێم گوتوون حەز دەکەم پارە بدەن، دەڵێن کاک محەممەد هەتا پارەی نەوتەکە هەرزان نەکەن ئێمە ئامادە نیین ئەو 102 هەزار و 500 دینارە بدەین."
 
حکومەت پێشتر رایگەیاندبوو، هەر بەرمیلێک نەوت بە بڕی 284 هەزار دینار کڕدراوە و بە 100 هەزار دینار بە خەڵکی دەدەنەوە، ئامانجیانە بەو هەنگاوە نرخی نەوتی سپی لە بازاڕ دابەزێنن.
 
ئەمیر سەلیم، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سۆران ئەوەی خستەڕوو، "رۆژ دوای رۆژ نرخی نەوت روو لە گرانبوونە، حکومەت ئەو پشتیوانیەی کردووە و نزیکەی 70 ملیۆن لیتری دابینکردووە، کە ئەو بڕە دێتە ناو بازاڕ بێگومان رێگر دەبێت لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوتی سپی."
 
لە سنووری قەزای چۆمان 75 بریکاری خۆراک هەن، 9099 سەرۆک خێزان لایان تۆمارن، بریکارەکان نەیانتوانیوە لە 3%ی بڕە پارەی داواکراو کۆبکەنەوە.