نابیستێک لە دهۆک: دەمەوێ ببمە پزیشک


رووداو دیجیتاڵ

لە دهۆک ژمارەیەک قوتابیی نابیست فێری خوێندن و نووسین بوون، بەڵام ئەوان ئەمساڵ کە لە قۆناخی کۆتایی پەیمانگەی نابیستانن، دوای ئەوە ناتوانن لە قۆناخەکانی ئامادەیی، زانکۆ و پەیمانگەکان بخوێنن، بۆیە ئەوە خوێندکارانی نیگەران کردووە.
 
بەهار سەعدوون، قوتابیی نابیست کە بە زمانی ئاماژە قسەی کرد و مامۆستاکەی وەرگێڕیی بۆکرد، گوتی، دەیەوێت بەردەوام بێت لە خوێندن و درێژەی پێ بدات تاوەکو دەبێتە پزیشک.
 
بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشە و گرفتەکانی نابیستان، رێکخراوی زێڕی رەش کە تایبەتە بە خزمەتکردنی نابیستان، لە ساڵی 2019 پێشنیازی کردنەوەی پەیمانگەیەکی ئەهلی داوەتە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا داواکارییەکەیان جێبەجێ نەکراوە.
 
فەرسەت دۆسکی، بەرپرسی رێکخراوی زێڕی رەش دەڵێت، "زۆر ئاستەنگ هەبوون، یەکەم؛ نەبوونی مامۆستای وەرگێڕ. دووەم؛ نەبوونی فەرهەنگ کە ئێستا ئێمە لە هەوڵداین فەرهەنگێک ئامادە بکەین و مامۆستای بۆ دەستنیشان بکەین."
 
وەزارەتەکانی پەروەردە و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان ئاسانکارییان بۆ بەشێک لە قوتابییانی نابیست کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو ئاسانکارییە لە دهۆک نەکراوە.
 
بورهان ئەرگوشی، راوێژکاری وەزارەتی پەروەردە بە رووداوی گوت، "لە هەندێک بەشی خوێندنی پیشەیی ئاسانکاریمان کرد کە ئەوان درێژە بە خوێندن بدەن لە قۆناخی ئامادەیی و هاوکارییەکەش ئەوە بوو کە ئێمە رەزامەندیی شوێن لەو بەشانەی کە دەتوانن درێژە بە خوێندن بدەن لە IT و هەندێک بەشی دیکە کە بۆیان بگونجێت، قوتابی وەرگیران لە بەشی جیا جیا لە هەندێ ناوچە وەک هەولێر و کۆیە و شوێنی دیکە."
 
دوای خوێندنی بنەڕەتی، قوتابییانی نابیست لە پەیمانگەی هانای پیشەیی لە دهۆک درێژە بە خوێندنیان دەدەن کە بۆماوەی ساڵێکە و لە پێنج بەش پێکدێت. لە ساڵی 2014ـەوە تاوەکو ئێستا 50 قوتابی لەو پەیمانگەیە خوێندیان تەواو کردووە.