ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: ژمارەیەک گەنج لە کۆنگرەدا دەگەنە سەرکردایەتی

20-10-2022
گۆڤەند مستەفا
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: 1ی 11 ئامادە دەبین بۆ بەستنی کۆنگرە
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: 1ی 11 ئامادە دەبین بۆ بەستنی کۆنگرە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی رایدەگەیێنێت لە هەفتەی سەرەتای مانگی داهاتوودا پارتی کۆنگرەی خۆی لە دهۆک دەبەستێت. ئاماژە بەوە دەدات کە ژمارەیەک گەنج بۆ سەرکردایەتی سەردەکەون، پێشبینیش دەکات 10 ئەندامی نوێ بۆ سەرکردایەتی سەربکەون.
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی پێیوانییە گۆڕانکاری بەسەر پەیکەری سەرکردایەتیی حیزبەکەدا بهێندرێت و بەڵکو بەهەمان شێوەی ئێستا سەرۆک و جێگری سەرۆک و سکرتێری مەکتەبی سیاسی بمێنێتەوە.
 
چەند رۆژێکی کەم ماوە بۆ دەستپێکردنی کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەموو ئامادەکارییەکان تەواوکراون، کە بڕیارە لە دهۆک بەڕێوەبچێت. چاوی بەشێكی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی کوردستان لەو کۆنگرەیەیە کە چ گۆڕانکارییەک دەکرێت. هەروەها ئەو کادرانەی پارتی کە چەندین ساڵە چاوەڕێی بەستنی کۆنگرەن، ئەو گۆڕانکارییانە چی دەبن لە بەرژەوەندیی ئەو کادرانە و خەڵکی کوردستان، هەروەها چ کاریگەرییەکی لەسەر کوردستان و عێراقیش دەبێت.
 
عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی و بەرپرسی لقی 8ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاخۆ، میوانی بەرنامەی (بەکاتی دهۆک) بوو کە ناسر عەلی پێشکێشی دەکات.
 
لەبارەی رۆژی بەستنی کۆنگرە و ئامادەکارییەکان، عەلی عەونی گوتی: "بڕیارە لە هەفتەی یەکەمی مانگی 11 کۆنگرە ببەسترێت، بەڵام رۆژەکەی بەدیاریکراوی دەستنیشان نەکراوە. ئامادەکاریی هۆڵ و شوێنی پێشوازیی میوانان و شوێنی مانەوەی ئەندامانی کۆنگرە هەموو ئەمانە تەواوکراوە. بۆ 1ی 11 ئامادە دەبین بۆ بەستنی کۆنگرە، ئەگەر لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرە بڵێت ئامادەکاریی لۆجیستی هێشتا ماوە رەنگە ئەوکات بکرێتە 2 یان 3ی 11، گرنگ ئەوەیە لەو ماوەی ئەو هەفتەیە کۆنگرە دەبەسترێت".
 
سەبارەت بە ژمارەی ئەندامانی کۆنگرە، عەلی عەونی گوتی، "ژمارەیان لە نێوان 800 بۆ 850 تێپەڕ ناکات، جگە لەوانەش کە بۆ کۆنگرە سەرکەوتوون، ئەندامانی سەرکردایەتی کە ژمارەیان 50 کەسە ئۆتۆماتیکی دەبنە ئەندامی کۆنگرە، 30 بۆ 40 هەڤاڵیشمان هەن کە ئەندامی سەرکردایەتی نین، بەڵام بەرپرسی لقەکان یان مەکتەبەکانن، ئەوانیش دەبنە ئەندامی کۆنگرە. ژمارەیەک لە هەڤاڵانیش کە پلەی سەرکردایەتییان وەرگرتووە بۆ نموونە لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چ وەک راوێژکار و چ وەزیر یان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بارەگای بارزانی، بە گشتییەکەی لە 800 ئەندام تێپەڕ ناکات."
 
لە کۆنگرەدا چ گۆڕانکارییەک دەکرێت؟
 
لەبارەی ئەو گۆڕانکارییەکانەشی کە بڕیارە لەو کۆنگرەیە بکرێن، ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی دەڵێت: "پارتی بەردەوام پارتێکی نوێ بووە، پارتی لە ساڵی 1946وە دامەزراوە ئەگەر لە رووی هزری و سەرکردایەتییەوە خۆی نوێ نەکردبووایەوە، ئەوا لە ساڵانی پەنجا یان شەست کۆتایی پێدەهات. هەموو ئەو کادرانەی پارتی دایمەزراندوون کەسیان نەماون، واتە خۆی نوێکردووەتەوە. بەردەوام پەیوەندییەکی ئۆرگانی و جیددی لەگەڵ شەقام و گەنجی کوردستان هەبووە، پارتی گەنجان بووە. لە رووی هزریشەوە هیچ حیزبێک ناتوانێت بە هەمان عەقڵیەتی پێش 70 ساڵ بەردەوام بێت".
 
عەلی عەونی دەشڵێت: "پارتی دیموکراتی کودستان بەردەوام خوێندنەوەیەکی دروستی بۆ رووداو و بەرەوپێشچوونە کۆمەڵایەتی و سیاسی و مەیدانییەکان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە، هەر ئەمەشە وایکردووە تائێستا پارتی بمێنێت."
 
ژمارەیەک گەنج دەگەنە سەرکردایەتی
 
سەبارەت بە پێکهاتەی سەرکردایەتیی پارتی، عەلی عەونی ئاماژە بەوە دەدات ئێستا ژمارەی ئەندامی سەرکردایەتی بە مەکتەبی سیاسییەوە 51 کەسە و دەڵێت: "زۆربەی ئەو هەڤاڵانەی بۆ کۆنگرە سەرکەوتوون گەنجن، هەمووان ئازادن لە کۆنگرە و رێگەش بۆ ئەوان کراوەتەوە، هەر هەڤاڵێک لەخۆی رادەبینێت و دەتوانێت لەنێو سەرکردایەتی خزمەت بکات، دەرگە بۆ هەمووان کراوەتەوە".
 
عەلی عەونی پێیوانییە گۆڕانکارییەکان لەنێو سەرکردایەتی بەشێوەیەک بێت کە ئەوانەی ئێستا هەن کەسیان نەمێنن و کەسانی دیکە بێنە شوێنەکانیان و دەڵێت: "سرووشتی کودەتا لەنێو پارتیدا نییە، ئەو گۆڕانکارییانەی لەنێو پارتی دەکرێت بەشێوەی لەسەرخۆیە، بەو شێوەیە نییە کە نەوەیەک بڕوات و نەوەیەکی دیکە بێتە شوێنەکەی. رەنگە 10 ئەندامی نوێ بۆ سەرکردایەتی سەربکەون". 
 
بە بڕوای ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی دواکەوتنی کۆنگرەی 14 پارتی پەیوەندی بە دۆخی ئاڵۆزی کوردستانەوە هەبووە و دەڵێت: "چەند هۆکارێک هەبوون بۆ ئەوەی کۆنگرەی 14 دوا بکەوێت، دەبوو لە ساڵی 2014 کۆنگرەی خۆمان کردبا. بەڵام بە داخەوە تووشی شەڕی دڕندەی داعش بووین، کوردستان بۆ ماوەی چوار ساڵ کەوتە ژێر مەترسی. دواتر بابەتی ریفراندۆم و شەڕی حەشدی شەعبی و بەداخەوە ئەو کارەساتەی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر هاتە پێش، بۆ ماوەیەکی درێژ پارتی و گەلی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی کەوتە دۆخێکی زۆری سایکۆلۆجی ناخۆش و کۆمەڵگەکەمان ئامادەی ئەوە نەبوو. بەڵام ئێستا کاتەکەی گونجاوە وا بەرەو کۆنگرە دەچین".
 
"گۆڕانکاریی بەسەر هەیکەلی سەرکردایەتیدا نایێت"
 
سەبارەت بە گۆڕانکاری لە هەیکەلی سەرکردایەتیی پارتی لەو کۆنگرەیەدا، عەلی عەونی، گوتی گۆڕانکاری لە هەیکەلی سەرکردایەتی پەیوەستە بە تێڕوانین و بۆچوونی ئەندامانی کۆنگرە، "رەنگە هەندێک پێیانوابێت ژمارەکە کەمتر بێتەوە، رەنگە هەندێکیش پێیانوابێت زیاتر بکرێت، ئەو نەوەیەی لە دوای نسکۆی 70 لە سەرکردایەتین لیژنەیەکی راوێژکارییان لێ پێکبهێندرێت.. ئەمانە هەمووی پێشنیازن و دەکرێت لەناو کۆنگرە هەر ئەندامێک پێشنیازی خۆی بخاتەڕوو. ئەگەر ببێتە تێڕوانینێک بۆ گفتوگۆ، ئەوا دەخرێتە دەنگدان. پارتی وەکو خۆی ئیدارەی خۆی دەکات، نە چاو لە سیستەمی یەکێتی دەکات، نە سیستەمی ئاکپارتی، نە لیبراڵی و نە پەکەکە".
 
عەلی عەونی لەو باوەڕەدا نییە گۆڕانکاری بەسەر هەیکەلی سەرکردایەتیدا بێت و دەڵێت: "تائێستا هەستمان نەکردووە کێشەیەکمان لەو بابەتەدا هەبووبێت، بۆیە پێشبینی ناکەم هیچ گۆڕانکارییەک لەو هەیکەلەدا بکرێت و سەرۆک و جێگری سەرۆک و سکرتێر وەک خۆی دەمێنێتەوە. بۆ سەرۆکیش هەم رێکخستنەکانی پارتی هەم ئێمەش بە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی رازین و پێمان خۆشە و داخوازیشمان ئەوەیە ئەو بمێنێت".
 
ئەندامەکەی سەرکردایەتی رەتیدەکاتەوە کە لیست هەبێت بۆ ئەوانەی بۆ سەرکردایەتی سەردەکەون و دەڵێت: "بوونی لیست هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە راستییەوە، کەس داواش لە ئێمە ناکات خۆمان بەربژێر بکەین. هەموومان ئازادین لەوەی خۆمان بەربژێر دەکەین یان نا، کۆنگرەی رابردوو خۆم بەربژێر کرد بەبێ ئەوەی ناوم لەنێو هیچ لیستێکدا هەبێت، کەسیش پێی نەگوتم لەنێو چ لیستێکدای و کەسیش پێینەگوتم خۆت بەربژێر بکە یان نا. بۆ ئەو کۆنگرەیەش خۆم بۆ سەرکردایەتی بەربژێر دەکەمەوە".
 
عەلی عەونی بە پێویستی زانی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو رەنگ و پێکهاتە جیاوازەکانی تێدابێت، "لەلایەنی ئایینییەوە پێمان خۆشە هەڤاڵانی ئێزدی، مەسیحی و کاکەیی لە سەرکردایەتیی ئێمەدا هەبن. هەروەها لەنێو سەرکردایەتیدا خەڵکی هەموو شارەکانی کوردستانی تێدابێت و تەنیا بە خەڵکی دهۆک و هەولێر و سلێمانی ئەو سەرکردایەتییە بەڕێوەناچێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

پۆلیسی سلێمانی: لەسەر گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێك کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ دەستگیركرا

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبارێك کە کارمەندە لە فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆ، دەستگیركرا و رادەستی هێزەكانی پۆلیس كرا.